پڕۆژەی بەدوو سایدکردنی رێگای کەلار - کفری ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

٤٤ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە تەرخانکراوە

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌كى ده‌ست مالپه‌رى كوردستان تیڤى كه‌وتووه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆى گه‌رمیان ڕایده‌گه‌یه‌نێت ، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ (٢٤ ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨) له‌سه‌ردانێكی مه‌یدانیدا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌یاوه‌ری جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ كاروباری هونه‌ری و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگاوبانی گه‌رمیان و قائیمقامی قه‌زای كفری كاره‌كانی پرۆژه‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌.

 سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند، ئەم پرۆژەیە له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ كاره‌كانی ڕاگیرابوون، له‌ ئێستادا پرۆژه‌كه‌به‌ دوو قۆناغ  ده‌ست پێده‌كرێته‌وه‌  له‌ناحیه‌ی ڕزگارییه‌وه‌  تا قه‌زای كفری 

پرۆژه‌كه‌، نزیكه‌ی ٢٥ كیلۆمه‌تره‌و چه‌ندین قه‌نته‌ره‌و پردی گه‌وره‌و بچوكی تێدایه‌، له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا ده‌گاته‌ ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵا و دواتر له‌وێشه‌وه‌ بۆ قه‌زای كفری، له‌ئێستادا ٢٠٪‏ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌. به‌ ته‌واوبوونیشی خزمه‌تێكی باش ده‌كات به‌ناوچه‌ی گه‌رمیان و ده‌بێته‌ خاڵی پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی بۆ قه‌زای كفری و شاڕێگایه‌كی سه‌ره‌كیش ده‌بێت له‌ به‌ستنه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ره‌كی ناوچه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ پارێزگای كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ریه‌وه‌.


شوان عه‌زیز