عه‌لى عه‌ونى : پێشنیاز ده‌كه‌م له‌ كوردستان پۆستی باڵا له‌ وه‌زیر و به‌رێوه‌به‌ری گشتی و قایمقام بدرێت به‌ ئێزدییه‌كان

كورده‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ئێزدی له‌ باشوری كوردستان نێزیكه‌ی نیو ملیۆن مرۆڤن

عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌هه‌ژمارى خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یس بووك  نووسینێكى له‌ژێر ناونیشانى برا ئێزدییه‌كان و كۆتایی په‌رله‌مان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ ، ناوبراو داوا ده‌كات له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاسا له‌هه‌ڵبژاردن پێنج كورسى كۆتا بدرێت به‌برا ئێزدییه‌كان و وه‌ پۆستى باڵا له‌وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى بدرێت پێیان چونكه‌ ئه‌وان له‌و پۆستانه‌ نابیندرێن 

ده‌قى نووسینه‌كه‌ى عه‌لى عه‌ونى 

برا ئێزدییه‌كان و كۆتایی په‌رله‌مان 

كورده‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ئێزدی له‌ باشوری كوردستان نێزیكه‌ی نیو ملیۆن مرۆڤن ، به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی كه‌م له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانن و زۆرینه‌یان له‌ ده‌ڤه‌ره‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمن ، له‌كاتی ده‌نگدانی په‌رله‌مانی كوردستان هیچ كاندیدێك ده‌نگی پێویست به‌ ده‌ست ناهێنێت  و ناگه‌نه‌ په‌رله‌مان .

عه‌لى عه‌ونى له‌به‌شێكى دیكه‌ى نووسینه‌كه‌ى دا كه‌په‌یامێكه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌كات ڕایده‌گه‌ێنێت ، نه‌بوونی نوێنه‌ری ئێزدییه‌كان له‌ ناو په‌رله‌ماندا بۆشاییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كورسییه‌كی كۆتای بۆ ئێزدییه‌كانییان داناوه‌ ،  هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش كه‌مه‌ و به‌ش ناكات 

ناوبراو ڕاشیده‌گه‌ێنێت ، داوا ده‌كه‌م له‌په‌رله‌مانی كوردستان یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ن كه‌ پێنچ كورسی به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌ست نیشان بكات بۆ كۆتا ئێزدییه‌كان تا گێرانه‌وه‌ی ناوچه‌كانی  شنگاڵ و شێخان و باشیك و به‌حزان بۆ باوه‌شی هه‌رێمی كوردستان .

 هه‌روه‌ها پێشنیاز ده‌كه‌م  له‌ كوردستان پۆستی باڵا بۆ ئێزدییه‌كان هه‌بێ وه‌ك وه‌زیر و به‌رێوه‌به‌ری گشتی و  قایمقام  چونكه‌ ئێزدییه‌كان هیچ پۆستێكی باڵایان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ 

له‌كۆتادا عه‌لى عه‌ونى ڕایده‌یگه‌ێنێت ، بۆ كوردستان شه‌رمه‌زارییه‌كی زۆره‌ كه‌ عه‌ره‌ب كورسی كۆتا بده‌ن به‌ ئێزدییه‌كان  به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان نه‌یانداتێ . هیوادارم گه‌لی كوردستان له‌ لایه‌ن هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ بگاته‌ ئاستێكی بێ كۆتای ده‌نگ به‌ كاندیده‌ ئازاكانی ئێزدی بده‌ن و  ئیدی گه‌ل قبوڵ نه‌كات په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌وێنی كوردایه‌تی بێ بار بێت 


شوان عه‌زیز