جوتیارێك له‌ گوندێكی داقوق رفێنرا

كه‌سوكاری پێمانوایه‌ داعش رفاندویه‌تی


جوتیارێكی ناوچه‌ی حه‌فته‌غار لەقەزای داقوق، دوای سه‌ردانیكردنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ی بێسه‌روشوێن بووه‌و كه‌سوكاری ده‌ڵێن داعش رفاندویه‌تی.

جوتیاره‌كه‌‌ ناوی شاكر محه‌مه‌ده‌ (46 ساڵ) خاوه‌نی سێ منداڵه‌، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 21ی حوزه‌یران له‌ گوندی مەنسوری ناوچەی حەفتەغاره‌وه‌ به‌ره‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ی رۆیشتوه‌ له‌ چه‌می ته‌لحه‌مه‌ و دواتر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

كه‌سوكاری رفێنراوه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)یان راگه‌یاندووه‌ کاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ چووه‌ سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌یی و ئیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ و پێمانوایه‌ داعش رفاندویه‌تی، زیاتر گوتی زۆر ته‌له‌فۆنمان بۆ كرد، سه‌ره‌تا مۆبایله‌كه‌ی زه‌نگی لێده‌دا، به‌ڵام داده‌خرایه‌وه‌، دواتر ئیتر مۆبایله‌كه‌شی كوژایه‌وه‌.

شایه‌نی باسه‌ ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایه‌نێكى كوردى، پەلاماری شارى کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان داو دەستیان بە سەر ئه‌و ناوچانه‌دا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ندین دوكان و خانووى هاووڵاتیانى كوردیان له‌و ناوچانه‌ سووتاند، هه‌روه‌ها له‌م رۆژه‌وه‌ به‌ دواوه‌ ئه‌م سنوورانه‌ ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینی.