نرخی نه‌وت و زێڕ به‌رزبوونه‌وه‌یان تۆماركرد

پێش كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ڕێكخراوی ئۆپیك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك

ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت له‌ مامه‌ڵه‌ دواخراوه‌كان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینی و به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا یه‌ك هه‌ڵكشا .

پێش كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ڕێكخراوی ئۆپیك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك  نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت به 73 دۆلارو 78 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراو 72 سه‌نت له‌ نرخه‌كه‌ی هه‌ڵكشا كه‌ هاوتایه‌ به‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا یه‌ك .

هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی تێكساس به‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 1.1 به‌رزبۆوه‌و هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 66 دۆلارو 26 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا .

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ ڕێكخراو و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكانی تر له‌ نێوانیادا ڕووسیا له‌ ڤییوننای پایته‌ختی كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت .  

هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ی نه‌وت، نرخی زێڕیش له‌ بۆرسه‌كانی جیهاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینی دوای ئه‌وه‌ی بۆ نزمترین ئاستی دابه‌زی بوو له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێر به‌هۆی دابه‌زینی نرخی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كڕیاره‌ ڕووسیییه‌كان ڕوویان له‌ كڕینی ئه‌م كانزا به‌هاداره‌ كردووه‌ . 

ئه‌مڕۆ هه‌ر ئۆنسه‌یه‌كی زێر به‌ هه‌زارو 269 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌، به‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 0.1  به‌ به‌راورد به‌ دوێنی كه‌مێك له‌ نرخه‌كه‌ی هه‌ڵكشاوه‌ . 

له‌ 11 مانگی ڕابردوو نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دراوه‌ جیهانییه‌كانی تر له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو، ئه‌مه‌ هۆكار بوو له‌ داكشانی نرخی زێڕ . 

له‌ نێو كانزاكانی تریشدا زیو به‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 0.4 هه‌ڵكشاو هه‌ر ئۆنسه‌یه‌كی به‌ 16 دۆلارو 33 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا .