تیرۆریستانی داعش گه‌ییشتوونه‌ته‌ نێو خانه‌قین

هێزه‌ عێراقییه‌كان توانای پاراستنی خانه‌قین و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشیان نه‌ماوه‌

به‌رپرسی لقی 15ی پارتی له‌ خانه‌قین رایده‌گه‌ێنێ، داعش گه‌ییشتووه‌ته‌ نێو شارۆچكه‌ی خانه‌قین و له‌نێو سنووری شاره‌وانیی قه‌زاكه‌ چالاكی ئه‌نجامده‌دات و له‌ ئێستاشدا  له‌ ده‌وروبه‌ری خانه‌قین نزیكه‌ی ١٥٠ گوند له‌ ژێر ده‌ستی داعشدایه‌.

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رپرسی لقی 15ی پارتی له‌ خانه‌قین، راگه‌یاند: داعش گه‌ییشتووه‌ته‌ نێو شارۆچكه‌ی خانه‌قین و له‌نێو سنووری شاره‌وانیی خانه‌قین چالاكی ده‌كات، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر دانیشووانی شاره‌كه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری خانه‌قین نزیكه‌ی ١٥٠ گوند له‌ ژێر ده‌ستی داعشه‌، چونكه‌ پێشتر ئه‌گه‌ر به‌ شه‌و چالاكیی ھه‌بووبێت، ئێستا به‌ ڕۆژ و به‌ ئاشكرا داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن و ده‌ستی خۆیان ده‌وه‌شێنن، ره‌وشی ئه‌منیی خانه‌قینیش به‌ ته‌واوی تێك چووه‌ و له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ نزیك كه‌لار و رێگه‌ی جه‌له‌ولا بۆ ئاوی سیروان و ناوچه‌ی پاڵانی، ئه‌منییه‌ت نه‌ماوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌مڕۆ له‌ سه‌نته‌ری شارۆچكه‌ی خانه‌قین مانگرتن به‌ڕێوه‌ چووه‌ و به‌رده‌وامه‌ كه‌ دوكان و بازاڕ نه‌كرانه‌وه‌ و ھه‌موو پێكھاته‌كانیش به‌شداری ده‌كه‌ن، مه‌به‌ست له‌و گردبوونه‌وه‌ و مانگرتنه‌یش، راگرتنی تاوانه‌كانی داعشه‌ دژی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، ئێمه‌یش بڕیارمان داوه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداریی گردبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ین و فه‌رمانمان به‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانمان كردووه‌ رۆڵیان له‌و چالاكییه‌دا ھه‌بێت.

گوتیشی: خه‌ڵكی خانه‌قین داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی شارۆچكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پاراستنی به‌ لیوای ٣٥ی عێراق سپێرداوه‌، نزیكه‌ی ٣٠٠ گوندن و تیرۆریستانی داعش به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌راتێنی تێدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھێزه‌ عێراقییه‌كان توانای پاراستنی خانه‌قین و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشیان نه‌ماوه‌، ھه‌تا ئه‌گه‌ر سوپای عێراق و پۆلیس به‌ چاوی خۆیان ببینن داعش بازگه‌ی داناوه‌، ناچن به‌لایاندا و خۆیان له‌ قه‌ره‌ی تیرۆریستانی داعش ناده‌ن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، مه‌ترسیی زۆر گه‌وره‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ ھه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ھۆی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان پێكھاته‌كانی شاره‌كه‌ نه‌بێت، ئه‌وا كۆنتڕۆڵی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێت.

سه‌رچاوه‌: kdp