هۆكاری دواخستنى كردنه‌وه‌ى ڕێگاى كه‌ركوك - هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كرێت

فه‌رمانده‌ى پۆلیسى فیدڕاڵى ڕایگه‌یاند ...

هه‌ڵۆ جه‌بارى په‌یامنێرى كوردستان تیڤى پێى ڕاگه‌یاندین كه‌مێك به‌ر له‌ئێستا فه‌رمانده‌ى پۆلیسى فیدڕالى له‌پردێ ، له‌كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ل هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌ ، دوای دوو ڕۆژى دیكه‌ به‌فه‌رمى ڕێگه‌ى كه‌ركوك - هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌ ، ناوبراو ڕاشیگه‌یاندووه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بازگه‌ى پشكنین داده‌نێین ئیدى دواتر ڕێگاكه‌ به‌ڕووى هاوڵاتیان و شوفێراندا ده‌كرێته‌وه‌ 


لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، ماوەی زیاتر لە 8 مانگە ئه‌م رێگا داخرا، هاووڵاتیان بۆ ڕۆیشتن لە کەرکوکەوە بۆ هەولێر و بە پێچەوانەوە ڕێگایەکی دوور و سەخت دەبڕن و تائێستاش چه‌ندین رووداوی هاتوچۆی لێكه‌وتۆته‌وه‌ به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ند كه‌س بۆته‌ قوربانی ئه‌م رێگایه‌.

 له‌ به‌رواری 20 - 10 - 2017 له‌ راگەیەندراوێكدا فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لەبارەی شەڕی پردێ له‌ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى هێزه‌ میلیشیاكانى شیعه‌وه‌ ڕایگه‌یاند ، 

سه‌رله‌به‌یانی ئەمڕۆ هەینی  هێزه‌كانی حەشدی شەعبی به‌ چه‌ك و تۆپ و تانكی ئه‌برامزی ئه‌مریكی هێرشێكی گه‌وره‌ و به‌ربڵاویان هێنایه‌ سه‌ر هێزه‌كانمان له‌ پردێ و به‌ره‌و جاده‌ی سه‌ره‌كی پردێ-هه‌ولێر. هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان لێیان هاتنه‌ ده‌ست و به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ كوردستان و گه‌له‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ما‌ن و له‌ شه‌رێكی سه‌خت و پاڵه‌وانانه‌دا هه‌موو هێرشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی دوژمنی داگیركه‌ر به‌ حەشدی ناشەعبی و هاوكاره‌كانیانه‌وه‌ له‌ پاسدار و كه‌سانی خۆفرۆش تێك و پێك شكێنران و پاش گورزێكی كوشنده‌ پاشه‌كشه‌یان پێكرا و ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو برا پێشمه‌رگه‌كان و ئه‌فسه‌ران و فه‌رمانده‌كان ده‌كه‌ین له‌ هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و یه‌كه‌ی هه‌شتا و فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی و فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌ك و هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر و هێزی تایبه‌تی یه‌ك و ئاسایش".


هەروەها تیایدا هاتووە كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شه‌ڕه‌ دوو ده‌بابه‌ كه‌ یه‌كێكیان ئه‌برامزی ئه‌مریكی بوو له‌گه‌ڵ یه‌ك مدەره‌عه‌ و زیاتر له‌ 12 هه‌مه‌ڕ و ئالیات تێكشكێندران و ژماره‌یه‌كی زۆر كوژراو و برینداریان به‌دوای خۆیاندا راكێشا، كه‌ به‌ پێی هه‌واله‌كان زیاتر له‌ سه‌د و په‌نجا چه‌كدار ده‌بن كه‌ زۆربه‌یان گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركووك، ئه‌م داستانه‌ پیرۆزه‌ به‌ خوێنی ئاڵی شه‌ش شه‌هیدی نه‌مر و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی بریندار ره‌نگین كرا.


فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووك - پردێ له‌ كاتێكدا پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن و سوپاسی بێ پایانی هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی ئه‌م داستانه‌ دەكەن چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك یه‌كه‌كان، لە كۆتاییدا دەڵێ "جگه‌ له‌ قاره‌مانیه‌تی هیچ تەقسیرێكیان نه‌بوو و ئیسپاتیان كرد كه‌ ئه‌م هێزه‌ داگیركه‌ره‌ ده‌شكێندرێ و ریسوا ده‌بێت. سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان داده‌نوێنین هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكیان و ته‌مه‌ننای چاك بوونه‌وه‌ به‌ زووترین كات بۆ برینداره‌ قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌ین


شوان عه‌زیز