8 ه‌مین به‌رگی فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان بلاوكرایه‌وه‌

كۆمه‌لێك به‌رهه‌می به‌ پێزی پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه‌

له‌ نووسین و ئاماده‌كردنی نووسه‌ر و توێژه‌ری به‌ توانا " سه‌لاح پایانیانی " له‌ شاری مه‌هاباد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، هه‌شته‌مین به‌رگ له‌ پرۆژه‌ی فه‌رهه‌نگی زاره‌كی موكریان له‌ ژێر ناوی " خوردو خۆراك " چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌ .

دوای ده‌ركردنی حه‌وت به‌رگ له‌م فه‌رهه‌نگه‌ ،له‌ ئێستا هه‌شته‌مین به‌رگی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ له‌ شاری مه‌هاباد چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌ ، چاپكردنی ژماره‌ 8ی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زنجیره‌ كاره‌كانی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی فه‌رهه‌نگیی زاره‌كی موكریان كه‌ ته‌واوكه‌ری فه‌رهه‌نگێكی كامله‌ و له‌ شێوه‌ی ئینسیكلۆپدایه‌ .

ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ له‌ " 3 " به‌ش پێك دێت ، به‌شی یه‌كه‌م " چێشت " و به‌شی دووه‌م " رسق " و به‌شی سێیه‌میشی پێی ده‌لێن " نان " ، له‌ ئه‌ژماری هه‌زار به‌رگ و له‌ ژێر چاودێری بڵاوكه‌ره‌وه‌ی " سه‌رای هێمن " له‌ شاری مه‌هاباد چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

سه‌لاح پایانیانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌ شاری مه‌هاباد له‌ دایك بووه‌ ، ماوه‌ی 20 ساڵه‌ به‌رده‌وام له‌ بواری توێژینه‌وه‌ و فه‌رهه‌نگنووسی زمانی كوردی كارده‌كات و كۆمه‌لێك به‌رهه‌می به‌ پێزی پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه‌ ،ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ناوبراو بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ 8 به‌رگ له‌ فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان ، دوو به‌رگ ئه‌ده‌بیاتی زاره‌كیی مندالانی ناوچه‌ی موكریان و به‌رگێگ له‌ " كانی مرادان " .