مه‌سرور بارزانی: ئومێده‌وارم ئه‌م جه‌ژنه‌‌ هانده‌ر بێت بۆ قوڵتركردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌سازان

له‌خوای گه‌وره ‌داواكارم گیانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پارێزراو بێت


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئومێده‌ورام به‌ پێكه‌وه‌سازانی نێوان پارته‌ نیشتمانپه‌وه‌ره‌كانی كوردستان، به‌ پرۆژه‌یه‌كی یه‌كگرتووی نیشتمانی مافه‌ سروشتی و ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ده‌ست بێنن.

مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی خۆم له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و كارمه‌ندانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆڵیس و موسڵمانان ده‌كه‌م.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز‌، پیرۆزبایی برایانه‌ی خۆم له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و كارمه‌ندانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆڵیس و موسڵمانانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌م .

له‌خوای گه‌وره ‌داواكارم ڕۆژو و عیباده‌تی ئه‌م مانگه‌ی له‌هه‌موو موسڵمانان قبوڵ كردبێت و گیانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پارێزراو بێت، كه‌ بێ به‌رانبه‌ر به‌ گیانی خۆیان به‌رگری له‌ خاك و گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن.

ئومێده‌وارم ئه‌م جه‌ژنه‌‌ هانده‌ر بێت بۆ قوڵتركردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌سازان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی نێوان هێز و پارته‌ نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزه‌كانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ پرۆژه‌یه‌كی یه‌كگرتووی نیشتمانی مافه‌ سرووشتی و ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌دیبهێنین و ویستی راسته‌قینه‌ی گه‌لی كوردستان بۆ ژیانێكی سه‌ربه‌خۆی شكۆمه‌ندانه‌ سه‌ربخه‌ین.

مه‌سرور بارزانی

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان