كۆمپانیایه‌ك 15 گه‌ڕه‌كی هه‌ولێر بێ ئاو ده‌كات 

 بۆڕی پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز 3ی شكاندووه‌

به‌ پێی هه‌واڵێكی كوردستان24 له‌ دوێنێوه‌ بۆری ئاوی ئیفرازی هه‌ولێر له‌نێوان عنكاوه‌ و گوندی گه‌زنه‌ شكاوه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی ھه‌ولێر بێ ئاوبن، ئێستا تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌ن.

ھۆكاری سه‌ره‌كی شكانی ئه‌و بۆرییه‌ش دروستكردنی گۆكایه‌ك بووه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌ك له‌ نزیك بۆرییه‌كه‌ و به‌بێ پرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كراوه‌ و زیانی زۆری به‌ بۆرییه‌كه‌ گه‌یاندووه‌.

له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ مه‌سعوود كاره‌ش، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاوی ھه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووه‌: ئه‌و بۆرییه‌ی كه‌ شكاوه‌ بۆری پرۆژه‌ی ئاوی ئیفراز 3ی ھه‌ولێره‌ كه‌ ئاوی زیاتر له‌ نیوه‌ی شاری ھه‌ولێر دابین ده‌كات، ھۆكاره‌كه‌شی دروستكردنی كۆگایه‌كه‌ كه‌ به‌ زێده‌ڕۆیی دروست كراوه‌ بێ ئاگاداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی.

گوتیشی: ئێستا تیمه‌كان سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كانن و ھیوادارین له‌ 2 تا 3 كاتژمێری دیكه‌ بتوانین به‌ ته‌واوی چاكی بكه‌ینه‌وه‌.

ھه‌روه‌ھا ئاری قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌: زیاتر له‌ 15 گه‌ڕه‌كی شاری ھه‌ولێر ئاویان له‌و بۆرییه‌ بۆ ده‌چێت كه‌ ئێستا شكاوه‌.

روونیشیكرده‌وه‌: بۆ كاتژمێر 6 تا 7 ئێواره‌ ئاو ده‌گاته‌وه‌ كۆگای سه‌ره‌كی، ئه‌مشه‌و ده‌توانین ئاو بده‌ینه‌وه‌ به‌شێك له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه‌ بێ ئاوبوونه‌، رۆژێك زیاتری ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاو بۆ ھه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان بگه‌رێته‌وه‌.