عیراق هۆشداری ده‌داته‌ توركیا

سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سەر قەندیل و شنگال


وته‌بێژی فه‌رمی سه‌ركردایه‌تی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق داوا له ‌توركیا ده‌كات سه‌روه‌ری خاكی عیراق بپارێزێت و هێرشەکانیان بۆ سەر قەندیل و شنگال رابگرێت چونکە هێزەکانی عیراق لە شنگال و پێشمەرگە لە قەندیل بوونیان هەیە و کاریان پاراستنی سه‌روه‌ری عیراقه‌.

یه‌حیا زوبه‌یدی وته‌بێژی فه‌رمی سه‌ركردایه‌تی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق بە دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاندووە هێزه‌كانی عێراق لە ئێستادا له ‌شنگال بوونیان هەیە و پێشمه‌رگه‌ش له‌قه‌ندیلەوە نزیكن كه‌ به‌شێكن له‌ سیستمی به‌رگری عێراق، كاری هه‌موو ئه‌م هێزانه‌ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌.

هەروەها دەڵێ ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئەوەمان بە تورکیا وتووە به‌هیچ جۆرێك نامانه‌وێت خاكی عێراق ببێته‌ شوێنی چالاكی و كار دژ به‌وڵاتانی دراوسێ، ئێمه‌ ڕێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی توركیا و هه‌موو وڵاتانی دراوسێی عیراق ده‌گرین.

وتویەتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین خاكی عێراق بۆ هێرشكردنی سه‌ر هیچ وڵاتێكی دراوسێ به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشی هه‌روڵاتێك له‌ناو خاكی عیراق چاوه‌ڕێی فرمانی سه‌ركرده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌كه‌ن.

یه‌حیا زوبه‌یدی بێ ئاگایی خۆی نیشاندا لە گرته‌ ڤیدیۆیه‌كانی سه‌ربازانی توركیا له‌كاتی به‌ربانگ كردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گوندی (به‌رمیز)ه‌ی سەر بە قه‌زای سۆران رایگەیاند  به‌ڕاستی ئه‌و ڤیدیۆیه‌مان نه‌بینووه‌، له‌هیچ شوێنێكیش پشت راست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ راسته‌ یاخود نا.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە 11ی حوزەیران  بە فەرمی رایگەیاند، سوپای تورکیا هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی‌ پەکەکە لە چیای قەندیل دەستپێکردووە.

ماوەی‌ مانگێکیش زیاترە سوپای تورکیا بە قوڵایی نزیکەی‌ 30 کیلۆمەتر خاکی‌ هەرێمی‌ بەزاندووە و رۆژانە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەوان و گەریلاکانی‌ پەکەکەدا روودەدات.