ره‌شپۆشه‌كه‌ی داعش و شه‌ش چه‌كداری دیكه‌ له‌ قه‌زای دووبز كوژران

یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین گه‌وره‌ تیرۆریستییه‌كانی رێكخراوی داعش بووه‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراق رایده‌گه‌ێنێت،  هێزه‌ ئه‌منییه‌كان حه‌وت تیرۆریستی رێكخراوی داعشیان له‌ سنووری باكووری رۆژئاوای شاری كه‌ركووك كوشتووه‌.

نه‌قیب حامد عوبێدی ، ئه‌فسه‌ری پۆلیس، به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاندووه‌: ھێزێكی ھاوبه‌شی سوپا و پۆلیسی فیدرال له‌ قه‌زای دووبز باكووری رۆژئاوای شاری كه‌ركووك، ھه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر خانوویه‌ك كه‌ ژماره‌یه‌ك تیرۆریستی داعش خۆیان تیایدا حه‌شاردابوو.

گوتیشی: له‌ میانی ھه‌ڵكوتانه‌كه‌دا، ھێزه‌ عێراقییه‌كان، گه‌وره‌ تیرۆرییستێكی داعش كه‌ به‌ خاوه‌ن پۆشاكی ره‌ش ناسراوه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ش تیرۆریستی دیكه‌یان كوشتووه‌.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ تیرۆریستییه‌كه‌، یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین گه‌وره‌ تیرۆریستییه‌كانی رێكخراوی داعش بووه‌، ھه‌روه‌ھا رێكخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان شانه‌ نووستووه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ بوو.

ناوبراو باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ھێزه‌ عێراقییه‌كان، ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌یان له‌ خانووه‌كه‌دا، دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ پیلانیان دانابوو له‌ داھاتوودا ھێرش بكه‌نه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئامانج.

ئاماده‌كردنی: رزگار