وەزارەتی خوێندنی باڵاى هەرێم 20 كورسى خوێندن بۆ قوتابیانی بیانى ڕادەگەێنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیاندراوێکى بلاوكرده‌وه‌


ئەمڕۆ چوارشەممە 13\6\2018، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیاندراوێکدا، ئاشكراى ده‌كات، لە چوارچێوەى پرۆگرامی کورد سکۆلەرشیپ و لە دەستپێشخەرییەکى نوێى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ بایەخدان بەزمان و ئەدەب و کەلتورى کوردى، وەزارەتەکەمان 20 سکۆلەرشیپ بۆ خوازیارانى نێودەوڵەتى (جگە لە نەتەوەى کورد و هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و عێراق)  بۆ تەواوکردنى خوێندنى (بەکالۆریۆس) لە بوارەکانى زمان و ئەدەب و دیراساتى کوردى بۆ ساڵى خوێندنى 2018-2019 ڕادەگەێنێت.

لەو راگەیاندراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، مەرجەکانی ى پێشکەشکردن بۆ کورد سکۆلەرشیپ، خستووەتەڕوو، کە پێویستە پێشکەشکار هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بێت، بۆ نمونە بەکالۆریاى نیشتیمانى، تاقکردنەوەى (SAT1 and SAT2)، (A-Level)، یان هاوکاتەکەى لە سیسەتمى خوێندنى وڵاتانى تر، پێویستە پشتگیرى دوو مامۆستاى خوێندنگە یان شوێنى کارکردنەکەى پێشکەش بکات و کۆپى ئۆرجیناڵى بڕوانامەکانى بەنمرەوە پێشکەش بکات، هەروەها پێویستە پێشکەشکار لانى کەم ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لە (٤.٥)ى ئایڵتس یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان کەمتر نەبێت، هاوکات خوێندن لە ئاستى بەکالۆریۆس بە درێژایی ماوەی خوێندنەکە بەزمانى کوردى دەبێت و ماوەى خوێندن چوار ساڵە، جگە لە ساڵى یەکەم کە ساڵى ئامادەکارییە (فاوندەیشن) و تایبەت دەبێت بە فێربوونى زمانی کوردی و پەرەپێدانی شارەزایی کەلتووریی و پەیوەندیکردن، خوێندنەکەش لە یەکێک لەم زانکۆیانە (سەڵاحەدین/هەولێر، سلێمانى، دهۆک، سۆران و کۆیە) دەبێت.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەرکى کرێى خوێندنەکەیان دەگرێتە ئەستۆ بە درێژایى  ماوەى خوێندنەکەیان و ساڵى ئامادەکارى (فاوندەیشن)، مانگانە بڕى 600 دۆلار بۆ بژێوى ژیان، بەپێى ستانداردى ژیان لە هەرێمى کوردستان بۆ یەک کەس پێ دەدرێت، لەگەڵ دابینکردنى شوێنى مانەوەیان (بەشی ناوخۆیی).

هەروەها ساڵانە هەزار دۆلار بۆ کاندید خەرج دەکرێ بۆ خەرجى سەفەر، جگە لە وڵاتانى کیشوەرى  ئەمریکا و ئوستورالیا، کە ساڵانە بڕى 1500 دۆلاریان بۆ خەرجدەکرێت وەک خەرجى سەفەر، لەگەڵ دابینکردنى سەرجەم خەرجییەکانى پڕۆسەى وەرگرتنى (ڤیزا) و (مانەوە) بۆ کاندید لە هەرێمى کوردستان.

 
وەزارەتی خوێندنی باڵا، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەو کاندیدەى بۆ یەکەمین جار دەگاتە هەرێمى کوردستان لەلایەن تیمى تایبەتەوە پێشوازى و گواستنەوەى لە فڕۆکەخان  بۆ دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ شوێنى مانەوەى، هەروەها بیمەى تەندروستى، کە ئەم بیمەیە تەنها بۆ چارەسەرکردنە لەناوەوەى هەرێمى کوردستان کە بڕەکەى بریتیە لە 500 دۆلار بۆ ساڵێک وکاندیدەکە خۆى ئازادە لە هەڵبراژدنى کۆمپانیای تایبەت بە دەستەبەرکردنی بیمەى تەندروستى، ئەم بیمەیە چارەسەرکردن لە دەرەوەى وڵات ناگرێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی روون کردووەتەوە، ئەم سکۆلەرشیپە بۆ ماوەى چوار ساڵى ئەکادیمیە ئەگەر کاندیدەکە سەرکەوتوو نەبوو لە ماوەى دیارى کراو، هەر ماوەیەکى زیاتر لە ماوەى چوار ساڵ (لە ڕووی کرێی خوێندن و بژێوی ژیان و دەرماڵەی سەفەر و بیمەی تەندروستی) لە ئەستۆى کاندید دەبێت.

دواین وادەش بۆ پێشکەشکردنى دۆکیۆمێنت و زانیارییەکان ڕێکەوتى 1\8\2018ەیە، دۆکیۆمێنت و زانیارییەکان ڕەوانەى ئەو ئیمەیلە (kurdish.studies@mhe-krg.org) بکرێت.