موسڵ.. به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی 3 خانووی بۆمبڕێژكراو 27 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

به‌شێكیان ژن و منداڵن

سێ خانوو له‌ گه‌ڕه‌كی مووسڵی كۆن كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ بۆمبڕێژكرابوون ته‌قیوونه‌ته‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ 27 هاووڵاتی سڤیل گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌. 

گوته‌بێژ به‌ناوی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند: خانووه‌كان پێكه‌وه‌ ته‌قیوونه‌ته‌وه‌و كه‌وتوونه‌ته‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هوانی مووسڵ كۆن به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 27 كه‌س كوژراوون كه‌ به‌شێكیان ژن و منداڵن، هه‌روه‌ها ئه‌و سێ خانووه‌ پێشتر خاوه‌نه‌كانیان به‌ خێزانه‌وه‌ ئاواره‌ بوون و به‌م دواییانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی ئه‌ندازه‌ی عێراقی هه‌وڵه‌كانیان بێ سوود بووه‌ له‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبانه‌دا سه‌ره‌نجام ته‌قیوونه‌ته‌وه‌و بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و رووداوه‌ جه‌رگبڕه‌‌. 

هێشتا ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا كێشه‌ی ئه‌منی و رووداوی توندوتیژی و هێرشی زۆری تێدا ئه‌نجام ده‌درێت و پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی ساڵێك به‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه‌دا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچانه‌دا چالاكن و شاره‌كه‌ش به‌ وێرانه‌یی ماوه‌ته‌وه‌. به‌تایبه‌تی مووسڵی كۆن هێشتا پڕه‌ له‌ بۆمب و لاشه‌ی چه‌كداره‌ كوژراوه‌كانی داعش.