چۆنییه‌تی سووتانی كۆگای ده‌نگه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا كرا

بەپێی دوایین زانیارییه‌كان

له‌باره‌ی سووتانی كۆگای ده‌نگه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌ری ره‌سافه‌ی شاری به‌غدا، دوایین زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ، به‌ر له‌ سووتانه‌كه‌ شه‌ڕێك له‌ به‌رده‌م كۆگاكه‌ روویداوه‌ و ده‌رگای كۆگاكه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست شكێنراوه‌. 

رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی جه‌دید بڵاوی كرده‌وه‌،‌ به‌ر له‌ سووتانی كۆگاكه‌ شه‌ڕێك له‌ به‌رده‌م ده‌رگای كۆگای كۆمسیۆن له به‌ری‌ ره‌سافه‌ روویداوه‌ و دواتر به‌ پارچه‌ ئاسنێك ده‌رگای كۆگاكه‌ شكێنراوه‌ و له‌و كاته‌شه‌وه‌ پاسه‌وانه‌كانی كۆگاكه‌ دیار نه‌ماون و پاشان ئاگر له‌ كۆگاكه‌ به‌ردراوه‌‌. 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند،: دوای رووداوی ئاگر كه‌وتنه‌كه‌ له‌ كۆگای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق، به‌شێك له‌و سندووقانه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌ فه‌وتان ده‌رباز كراون، به‌ڵام ئه‌وه‌شی كه‌ نه‌سووتاوه‌ به‌هۆی ته‌ڕبوون و پیسبوونی كه‌ڵكی نه‌ماوه‌. 

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد كه‌ پاسه‌وانی كۆگاكه‌ دیار نه‌ماون و پۆلیس به‌دوایانه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها گوتی، ده‌رگای كۆگاكه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست شكێندراوه‌ و دوای چوونه‌ ژووره‌وه‌، ئاگر له‌ كۆگاكه‌ به‌ردراوه‌.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ لێدوانێكیدا محه‌مه‌د ره‌بیعی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌غدا رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م سندووقه‌كانی هه‌ڵبژاردنی به‌ری ره‌سافه‌ سووتاوون، به‌ڵام به‌رپرسانی دیكه‌ ده‌ڵێن: ئه‌و كۆگایه‌ی ئاگردراوه‌‌ زیاتر له‌ سێ ملیۆن فۆڕمی ده‌نگده‌رانی تێدا بووه‌ نه‌ك سندووقه‌كان.