ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریكا و كۆریای باكوور هۆشداریی ده‌دات

رێبه‌رانی كۆریای باكوور ده‌بێ هۆشیار و وریابن له‌مباره‌یه‌وه‌

به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وێڕای پێدانی هۆشداریی به‌ پیۆنگ یان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری درووستبوونی په‌یوه‌ندیی كۆریای باكوور له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا وتی: رێبه‌رانی كۆریای باكوور ده‌بێ هۆشیار و وریابن له‌مباره‌یه‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی ئێران سه‌باره‌ت به‌م په‌یوه‌ندییه‌ گه‌شبین نییه‌.

ئاماژه‌ی به‌هرام قاسمی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌رچوونی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان تاران و وڵاتانی زلهێز كه‌ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌مكاره‌ی ئه‌مریكا به‌ په‌یمان شكێنیی و پابه‌ند نه‌بوونی وه‌سفده‌كه‌ن.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ وتوویه‌تیی: به‌ له‌به‌رچاو گرتنی پێشنیه‌ی ئه‌مریكا له‌ ژێرپێ خستنی په‌یماننامه‌ و به‌رپرسیارێتییه‌كانی خۆی و به‌تایبه‌تیی ره‌فتاره‌كانی ترامپ له‌مباره‌یه‌وه‌، روانینێكی گه‌شبینانه‌مان له‌سه‌ر درووستبوونی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریكا و كۆریای باكوور نییه‌ و هۆشداریی ده‌ده‌ین به‌ پیۆنگ یانگ له‌مباره‌ویه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ بجوڵێته‌وه‌.

ئه‌م به‌رپرسه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی كه‌ له‌ بابه‌تی پابه‌ند نه‌بووندا حكومه‌ته‌كانی ترامپ و ئۆباما هیچ جیاوازییان نییه‌ و هه‌ریه‌كێكیان به‌جۆرێك په‌یمان شكێنیی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ رێبه‌رانی كۆریای باكوور ده‌بێت له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ بجوڵێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / بی بی سی

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی