ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی ئێران خوازیاری روونكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی داهاته‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی خومه‌ینییه‌

هاوڵاتییانی ئێران سندوقه‌كانی ئه‌م ده‌زگا خێرخوازییه‌یان فڕێده‌ده‌ن

سه‌لمان خودادادی كه‌ په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیی په‌رله‌مانی ئێرانه‌، رۆژی رابردوو له‌ په‌رله‌مان رایگه‌یاند كه‌ خوازیاره‌ چۆنیه‌تیی و شوێنی خه‌رجكردنی داهاته‌كانی ده‌زگای خێرخوازی ئیمام خومه‌ینی روونبكرێته‌وه‌.

داواكاریی ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ دوای هه‌ڵوێست و كه‌مپینه‌كانی هاوڵاتییانی ئێران بووه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و تیایدا وێنه‌ی خوانی به‌ربانگ و میوانداریكردنی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی بۆ خه‌ڵكی غه‌ززه‌یان بڵاوده‌كرده‌وه‌. 

هه‌روه‌ها له‌ كه‌مپینه‌كاندا هاوڵاتییانی ئێران ڤیدیۆی خۆیان بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا سندوقه‌كانی یارمه‌تیی كۆمیته‌ی ئیمدادی ئیمام خومه‌ینییان ده‌شكان و فڕێیانده‌دا و به‌ زمانیش وه‌ك شیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌م كاره‌یان رایانده‌گه‌یاند كه‌ ئه‌و سندوقانه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی خه‌ڵكی غه‌ززه‌ و لوبنان و سووریایه‌، هه‌ر بۆیه‌ چیتر یارمه‌تیی ئه‌و ده‌زگایه‌ ناده‌ین.

هه‌ڵوێستی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمیسۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیی په‌رله‌مانی ئێران رۆژێك دوای ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌رۆكی ده‌زگای " كۆمیته‌ی ئیمدادی ئیمام خومه‌ینی " ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ یارمه‌تییه‌كانی ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌ بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ته‌نیا له‌ ئاستی ناوخۆدا به‌سه‌ر كه‌م ده‌رامه‌ته‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێن.

به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا سه‌دان ڤیدیۆ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا هاوڵاتییانی ئێران سندوقه‌كانی ئه‌م ده‌زگا خێرخوازییه‌یان فڕێده‌دا، چونكه‌ به‌ وته‌ی ئه‌وان ئه‌م ده‌زگایه‌ بۆ هه‌ژارانی ئێران خێروبێری نییه‌ و سه‌رچاوه‌ی داهاتی خه‌ڵكی غه‌ززه‌ و سووریا و لوبنان و یه‌مه‌نه‌.

له‌ هه‌ندێك راپۆرتدا كه‌ به‌مدواییه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نووسراوه‌ كه‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ نزیكه‌ی 270 ملیار تمه‌ن (نزیكه‌ی 64 میلۆن دۆلار) داهاتی هه‌یه‌. 

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی