له‌ پێكدادانی نێوان سوپای پاسداران و پێشمه‌رگه‌كانی حزبی دیموكراتدا 9 پاسدار كوژران

پاسداره‌كان سه‌ر به‌ بنكه‌ی چوارچرا و ده‌وروبه‌ری بوونه‌

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ٩ی حوزه‌یران له‌ سنووری شاری شنۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تیمێكی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كه‌وتوونه‌ كه‌مینی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نێو شاری شنۆوه‌ ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌ و وتی: پاسداره‌كان سه‌ر به‌ بنكه‌ی چوارچرا و ده‌وروبه‌ری بوونه‌ كه‌ بۆسه‌یان بۆ پێشمه‌رگانی دیموكرات داناوه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبی دیموكرات له‌ شاری هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵه‌ وتی: زانیاری ئه‌وتۆی لا نییه‌ و زانیاری زیاتر لای به‌رپرسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌ و پاش چه‌ندین په‌یوه‌ندی ئاڤاتوده‌ی ئه‌و زانیارییه‌ی ده‌ست كه‌وت كه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ كه‌مین پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموكراتی كورستانی ئێران بوون و له‌سه‌ر سنووری شنۆ له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی سوپای پاسداران تووشی پێكدادان بوون و به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ كه‌ به‌ ته‌واوی پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ده‌وترێ ٩ پاسدار كوژراون و ١٧ی دیكه‌یش بریندار بوون.

سه‌باره‌ت به‌ زه‌ره‌ر و زیانی گیانیی پێشمه‌رگه‌كانی دیموكراتی كوردستانیش، ئه‌ندامانی حیزبی دیموكرات ده‌ڵێن: تا ئێستا به‌ ته‌واوی نازانین كه‌ چه‌ند شه‌هیدمان هه‌یه‌ و هه‌مووی له‌ چوارچێوه‌ی گریمانه‌یه‌.

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستان به‌یانی ئه‌مڕۆ وتبوویان سێ شه‌هیدیان هه‌یه‌ و ئێستاش ده‌ڵێن شه‌هیدمان نییه‌.

هه‌ڵبه‌ت جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ده‌ستنه‌كه‌وتنی زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌كانی دیموكرات بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌كانی نێوخۆی ئێران نایانهه‌وێت به‌هۆی په‌یوه‌ندیی كردن به‌ بنكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ شوێنه‌كانیان ئاشكرا بێت، بۆیه‌ تا ئێستا بێده‌نگن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌ نافه‌رمییه‌كان پێشمه‌رگه‌كان شوێنی خۆیان جێهێشتووه‌.

سه‌رچاوه‌ / ئاڤا توده‌ی
مه‌سعود / كوردستان تیڤی