ئیسرائیل و فه‌ره‌نسا تاوتوێی سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئێران ده‌كه‌ن

هاوڕان له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی ئێران

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری ئیسڕائیل، بنیامین ناتانیاهودا له‌ پاریس كۆبۆوه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی ئێران و چۆنێتی سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی نێوان ماكرۆن و ناتانیاهو سێیه‌مین كۆبوونه‌وه‌یان ده‌بێت له‌ پاریس له‌ مانگی حه‌وتی ساڵی ڕابردووه‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌ردوولا هاوڕان له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی ئێران و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ كاروباری وڵاتانی دیكه‌دا، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌دا به‌ ته‌واوه‌تی جیاوازن.

ناتانیاهو له‌ گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ئه‌وروپا زیاتر دژی ئێران وه‌ستایه‌وه‌ و له‌ ئه‌ڵمانیا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ گوتی: چالاكییه‌كانی تاران بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێكی زۆر كۆچبه‌ر ڕوو له‌ ئه‌ڵمانیا بكه‌ن.

له‌ پاریسیش گوتی: داوای له‌ فه‌ڕه‌نسا نه‌كردووه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ بكشێته‌وه‌ چونكه‌ پێی وایه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ خۆی ناگرێت دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا لێی و سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكان به‌سه‌ر تاراندا.

ناتانیاهو له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ئیمانوێل ماكرۆن گوتی :داوام له‌ فه‌ڕه‌نسا نه‌كردووه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی ئێران بكشێته‌وه‌ چونكه‌ خۆی له‌ژێر فشاره‌ ئابوورییه‌كاندا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ ده‌نگی ئه‌مریكا