یه‌په‌گه‌ راوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ منبج ده‌كشێنێته‌وه‌

دوێنێ توركیا و ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن


دواى ئه‌نجامدانى رێككه‌وتنێك له‌ نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كشانه‌وه‌ى خۆى له‌ مه‌نبه‌ج راگه‌یاند.

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند، ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی سەر بە هێزەکانیان کە ئەرکەکانیان لە پێشکەشکردنی راوێژ و راهێنان و یارمەتی بە ئەنجوومەنی سەربازی منبج تەواوکردووە، لەو شارە دەکشێنەوە.

رۆژی سێشه‌ممه (5-6-2018)‌، فه‌رمانده‌یی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا پاشه‌كشه‌پێكردنی ژماره‌یه‌ك راوێژكاری سه‌ربازیی سەر بە هێزەکانیانی راگەیاند، کە ئەرکەکانیان لە پێشکەشکردنی راوێژ و راهێنان و یارمەتی بە ئەنجوومەنی سەربازی منبج تەواوکردووە.

هه‌ر له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژییه‌تی كاركردنمان له‌ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریسته‌كان و له‌سه‌ر بانگهێشتی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی منبج، له‌ چاره‌گی یه‌كه‌می ساڵی 2016 به‌هاوكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ توركیاش یه‌ك له‌و وڵاتانه‌بوو ده‌ستمانكرد به‌هه‌ڵمه‌تی ئازادكردنی منبج له‌ژێر ده‌ستی داعش و رۆژی 15-8-2016 كۆنترۆڵمان كرد.

ده‌ڵێت: دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ منبج، هێزه‌كانمان كۆنترۆڵی شاره‌كه‌یان له‌ رۆژی 16-11-2016 راده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی منبج كرد و ئێمه‌ش له‌ شاره‌كه‌دا پاشه‌كشه‌مان كرد، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی منبج ژماره‌یه‌ك راوێژكاری سه‌ربازییمان مانه‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازیی و پێشكه‌شكردنی ئه‌ركی راوێژكاری و هاوئاهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان. راوێژكارانمان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵ درێژه‌یان به‌چالاكییه‌كانیاندا و به‌مه‌ش ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌ رووی شاره‌زایی و توانای سه‌ربازییه‌وه‌ ته‌واو پێگه‌یشت و بۆیه‌ بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی راوێژكاره‌كانماندا.

له‌ به‌شی كۆتایی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی یه‌په‌گه‌ هاتووه‌، هه‌ر كاتێك ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی و خه‌ڵكی منبج پێویستیان به‌ ئێمه‌ بێت، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌بین و پشتیوانیان لێده‌كه‌ین.

لای خۆشیه‌وه‌ كشانه‌وه‌ى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات له‌ منبج دواى ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ توركیا و ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا راشیگه‌یاندووه‌، یه‌په‌گه‌ و هه‌سه‌ده‌ ده‌كشێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى رووبارى فورات.

له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا به‌رده‌وام توركیا داواى ئه‌وه‌ ده‌كات رێگه‌ به‌ كورد نه‌درێت بپه‌ڕێته‌وه‌ رۆژئاواى رووبارى فورات.