عێراق و ئێران ده‌ستیان به ‌كڕین و فرۆشتنى نه‌وتى كه‌ركووك كرد

نه‌وتى خاوى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر بۆ ئێران ده‌گوازرێته‌وه‌ و تاران له‌ پاڵاوگه‌كانى خۆى نه‌وته‌كه‌ ده‌پاڵێوێت

ماڵپه‌رى فه‌رمى وه‌زاره‌تى نه‌وتى ئێران ڕایگه‌یاند، به‌غدا و تاران به‌فه‌رمی ده‌ستیان به ‌كڕین و فرۆشتنى نه‌وتى كه‌ركووك كرد . 

به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌، نه‌وتى خاوى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر بۆ ئێران ده‌گوازرێته‌وه‌ و تاران له‌ پاڵاوگه‌كانى خۆى نه‌وته‌كه‌ ده‌پاڵێوێت، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌مان بڕه‌ نه‌وتى خاو به‌ باشوورى عێراق ده‌داته‌وه ‌. 

ماڵپه‌ره‌ ئێرانییه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ 30 بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاو به‌ تانكه‌ر بۆ دوڕه‌ شه‌هر له‌ باشوورى خۆرئاواى ئێران ده‌گوازرێته‌وه ‌.

پلانیش دانراوه‌، له‌بڕى تانكه‌ر، بۆڕى نه‌وت له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ ئێران ببه‌سترێت و نه‌وتى پارێزگاكه‌ به‌ڕاسته‌وخۆیی بۆ پاڵاوگه‌ و كۆگاكانى ئێران بگوازرێته‌وه . 

له‌دواى داگیركردنى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، عێراق و ئێران له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕێككه‌وتنیان له‌باره‌ى نه‌وتى كه‌ركووك كرد .