ئه‌ڵمانیا: حكومه‌تی ئێران سیخوڕیی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانی ئێمه‌ ده‌كات

هه‌روه‌ها سیخوڕیی له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازیی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی كردووه‌

ئاژانسێكی ئه‌منیی ئه‌ڵمانیا له‌ راپۆرتێكدا باس  له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێران چالاكیی سیخوڕیی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ حكومیی و هه‌ستیاره‌كانی وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجامده‌دات له‌ به‌رلین. 

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ ئێران بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ كه‌ره‌سته‌ و چه‌كی كۆكوژ و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی موشه‌ك هه‌وڵیداوه‌ سیخوڕیی له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كانی ئه‌ڵمانیا بكات. وه‌ ئه‌مكاره‌ی ئێران هاوشێوه‌ی كرداره‌كانی پاكستان و سووریایه‌ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به‌ چه‌كی كۆكوژ.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی هه‌واڵه‌كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مه‌به‌ستی سیخوڕیی كردن جه‌ختی خۆی خستووه‌ته‌ سه‌ر به‌شی باشووری ئه‌ڵمانیا كه‌ كۆمپانیا جۆراجۆره‌كانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا و ئه‌ندازیاریی زیاتر له‌م ناچه‌یه‌دا جێگیرن.

راپۆرتی ئاژانسه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌ڵمانیا روونی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سیخوڕیی حكومه‌تی ئێران له‌م ناوچانه‌ زیاتر به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ سۆفتوێره‌ ئه‌ڵمانییه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌ندازیاریی و ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی پێوان و كه‌ره‌سته‌ی پێشكه‌وتووی په‌یوه‌ندیدار به‌ پرۆگرامی موشه‌كیی بووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ حكومه‌تی ئێران له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌روه‌ها سیخوڕیی له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازیی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی كردووه‌.

 

سه‌رچاوه‌ / عه‌ره‌بییه‌
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی