هەفتەی داهاتوو توركیا و ئه‌مریكا كۆده‌بنه‌وه‌

بۆ كشانه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ منبج


ئەمڕۆ چوارشەممە میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە ئه‌مریكا و توركیا رێكه‌وتنیان كردووه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ منبج، هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دەرەوەی توركیا و ئەمریكا لەمبارەیەوە ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "به‌پێی پلانی منبج كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت توركیا و ئه‌مریكا له‌ دوای چواری حوزه‌یران جێبه‌جێی بكه‌ن، پێشبینی ده‌كرێت هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ كه‌ له‌ خۆرئاوای رووباری فورات جێگیربوون له‌ ماوه‌ی مانگێكدا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ربكرێن.

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌مریكا و توركیا رێككه‌وتنی ته‌كنیكیان كردووه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ منبج.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و مایك پۆمپیۆ هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی، له‌ چواری حوزه‌یراندا له‌ واشنتۆن راده‌گه‌یه‌ندرێت.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك ورده‌كاری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی واشنتۆن بگۆڕدرێت، به‌ڵام هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌پارێزرێن كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ ته‌كنیكییه‌كاندا رێككه‌وتنیان له‌باره‌وه‌ كراوه‌.