باندێك ده‌ستگیركران كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ رفاندنی سێ كچ 

هه‌ر سێ كچه‌كه‌ له‌ دایك بووی ساڵی 2005 ن

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایده‌گه‌ێنێت، باندێكیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ رفاندنی سێ كچی بێ سه‌رپه‌رشت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ شاری به‌غدا به‌ سۆمه‌رییه‌ نیوزی راگه‌یاندووه‌: هێزێكی ئه‌منی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ باندێكی سێ كه‌سییان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ رفاندنی سێ كچی بێ سه‌رپه‌رشت.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ هه‌ر سێ كچه‌كه‌ له‌ دایك بووی ساڵی 2005 و پێشتر هه‌واڵی وون بوونیان له‌ بنكه‌ی پۆلیسی خه‌نسای شاری به‌غدا تۆماركراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ له‌ شاری كه‌ربه‌لا بووه‌.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاو ببۆوه‌ كه‌ سێ كچی بێ سه‌رپه‌رشت له‌ ناوچه‌ی مه‌عامل له‌ رۆژئاوای به‌غدا رفێندراون.

ئاماده‌كردنی: رزگار