رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست: بەغدادی، تا ئێستا لەژیاندا ماوە

ستراتیژیه‌تێكی داناوه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێی


ڕۆژنامەیەکی ئەمه‌ریکی ئاشکرای دەکات ئەبوبەکر بەغدادی، کەسی یەکەمی داعش، تا ئێستاش لەژیاندا ماوە و لە ناوچەیەکی سەرسنوری نێوان سوریا و عێراق دەژی و لە ئێستاشدا خەریکی گواستنەوەی دەوڵەتەکەیەتی بۆ دەوڵەتیکی نهێنی و شاراوە.

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی چاپی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، خه‌لیفه‌ی رێكخراوی داعش نەک زیندووە، بەڵکو چالاكیشه‌ و ئێستا ئه‌ركێكی نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌بات.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌ندین زانیاری سه‌باره‌ت به‌ مردن یان برینداربوون یان په‌ككه‌وتنی بۆ جموجوڵ، به‌ڵام ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه‌ ئیداره‌كردنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی بكاته‌ بزافێكی نهێنی كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نه‌ كاریگه‌ر بێت كه‌ مرۆڤ رابچڵه‌كێنێت.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، ئاماژەی بەوەشداوە بەغدادی لە ناوچەیەکی سەر سنوری نێوان سوریا و عێراق خەریکی ڕێکخستنەوەی چەکدارەکانی سەر بە رێکخراوەکەیەتی لەشێوەی گروپی بچوک بچوکی نهێنیدا.

به‌پێی واشنتن پۆست، راسته‌وخۆ دوای رزگاركردنی موسڵ و گه‌مارۆدانی رققه‌، به‌غدادی فه‌رمانی ده‌ركردبوو ئاماده‌كاری بۆ پیلانه‌ نوێیه‌كه‌ی بكرێت كه‌ ئه‌ویش "په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێی داعشه‌ به‌پێی پرۆگرامی ئه‌و رێكخراوه‌ تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بتوانێت پارێزگاری له‌ بنه‌ماكانی داعش بكات.

نیكۆلاس راسمۆسین، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی ده‌زگای نیشتمانیی بنبنڕكردنی تیرۆر له‌ ئه‌مریكا وتویه‌تی: "له‌كاتی له‌ده‌ستدانی موسڵ و رققه‌، تێبینی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ پیلان بۆ كارێكی نهێنیی نوێ داده‌ڕێژن، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كان ده‌رده‌كران، كه‌چی له‌دوای خۆیان شانه‌ی نوستوو هه‌ر هه‌بوو".

كه‌سێكی سه‌ربه‌ داعش به‌ رۆژنامه‌كه‌ی وتوه‌:داعش ستراتیژیه‌تێكی داناوه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێی ناو رێكخراوه‌كه‌، به‌غدادی و گه‌وره‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ بڕیاریانداوه‌ فێركردنی منداڵ و چه‌كداره‌كانیان له‌ناو عیراق و سوریا و وڵاتانی دیكه‌ له‌رێی ئینته‌رنێته‌وه‌ بكه‌نه‌ كاری له‌پێشینه‌ی خۆیان.

ده‌ڵێ: ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ زیاتر چه‌سپا كه‌ داعش زانیی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت به‌رده‌وام نابێت، بۆیه‌ سه‌ركرده‌كانی قه‌ناعه‌تیان وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تیش نه‌مێنێت، ئه‌وا ئایدۆلۆجیای داعش هه‌ر ده‌مێنێت به‌مه‌رجێك بتوانن كار له‌سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوو بكه‌ن و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی به‌غدادی په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر كارێكی وا بكه‌ن، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت هه‌ر ده‌مێنێ و ناسڕدرێته‌وه‌".

له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ تائێستا  میدیاکانی ئەمریکا و ڕوسیا و چەندین وڵاتی دیکە چەندین جار هەواڵی مردنیان بڵاوکردووەتەوە بەڵام هیچ کام لەو دەنگۆیانە ڕاست نەبوون، ئەوەش لە کاتێکدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا 25 ملیۆن دۆلاری بۆ کردووە بە خەڵات بۆ دەستگیرکردن یان کوشتنی بەغدادی داناوە.

له‌ كۆتایی ساڵی 2016 ئه‌مریكا پاداشته‌ داراییه‌كه‌ی بۆ هه‌ر زانیارییه‌ك  بۆ 25 ملیۆن دۆلار به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ رێگه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی به‌غدادی خۆش بكات.

ئێستاش به‌رپرسانی ده‌زگای بنبڕكردنی تیرۆری ئه‌مریكا ده‌ڵێن كه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدای زیندوو بێت و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌كات.

به‌مدواییه‌ش به‌رپرسانی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی دوای رزگاركردنی موسڵ و رققه‌، به‌غدادی رزگری بووه‌ و هێشتا چالاكه‌، به‌ڵام به‌دڵنیایی نازانرێت له‌ كوێیه‌.