كاندیدەكانی ده‌رنه‌چووی یەكێتی داوای دەنگەكانیان دەكەنەوە

جیاوازی له‌ نێوان بنكه‌ی ده‌نگدان و كۆمیسۆن هه‌یه‌


 
ژمارەیەك لە كاندیدانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێكیناڕەزای بڵاو دەكەنەوە و ئاماژە  بەوەدەكەن كە ئەو دەنگانەی بۆیان گەڕاوەتەوە ژمارەی راستەقینەی دەنگی ئەوان نییە.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نوسراوێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ واژووی‌ ژماره‌یه‌ك كاندیدی‌ ده‌رنه‌چووی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ره‌ و رایانگه‌یاندووه‌ له‌پاش راگه‌یاندنی‌ ناڕه‌سمی‌ به‌شێك له‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌مووان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ كاندید نییه‌، چونكه‌ ئه‌و داتایانه‌ی‌ له‌ بنكه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێمان گه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆن جیاوازی‌ زۆره.

ئه‌و كاندیده‌ ده‌رنه‌چووانه‌ دوو داواكارییان له‌ نوسراوه‌كه‌دا خستوه‌ته‌ڕوو ژماره‌ی راستی‌ ده‌نگی‌ كاندیده‌كانمان پێبدرێت، كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند سندوقێكی‌ ده‌نگدان له‌ شار شارۆچكه‌كان تا به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییانه‌ی‌ كه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، چونكه‌ ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ له‌ ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ر و ئه‌نجامه‌كان.

ئەوە لەكاتێكدایە كە جیاواز لەو كاندیدانە ئێستا تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە یەكێتی ساختەكارییەكی گەورەی رێكخراوی لەو هەڵبژاردنەدا كردووە.

رۆژی 12ی ئایار هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق به‌ڕێوه‌چوو كه‌ پارتی و یه‌كێتی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا، گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانیش به‌ره‌كیان دروستكردووه‌ و ده‌ڵێن ساخته‌كاری له‌ ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.