كه‌ركوك.. له‌كاتى ئاهه‌نگ گێڕانى لایه‌نگرانى یه‌كێتى حه‌شدى شه‌عبى منداڵێكى كورد ده‌كوژن

حه‌شدى شه‌عبى ده‌سترێژى گولـله‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هاووڵاتیانى كورد

 شه‌وى رابردوو له‌كاتى ئاهه‌نگ گێڕانى لایه‌نگرانى یه‌كێـتى نیشتیمانى كوردستان  له‌گه‌ڕه‌كى شۆریجه‌ى كه‌ركوك به‌بۆنه‌ى ته‌واو بوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێڕاق به‌ڕێوه‌چوو ، هێزێك له‌  چه‌كدارانى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ته‌قه‌ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كه‌به هۆیه‌وه‌ باوك و كوڕێك به‌ر گولـله‌ى هێزه‌كانى حه‌شد ده‌كه‌ون  ،  كه‌له‌ئه‌نجامى ئه‌و ته‌قه‌ كردنه‌دا باوك و كوڕه‌كه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى خێرا بۆیان ، دواتر به‌هۆى سه‌ختى برینه‌كه‌ى منداڵه‌كه‌ به‌ناوى هه‌رێم پیخه‌مگین ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵ  له‌نه‌خۆشخانه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌دات .  

هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپای له‌شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر به‌هاوكاری گروپێك له‌لایه‌نێكى كوردى  هاتن بۆ شارى كه‌ركوك و داگیریان كرد ، به‌هاتنى ئه‌و هێزانه‌ش شارى كه‌ركوك و ده‌وروبه‌رى به‌ڕه‌وشێكى ئاڵۆزدا تێپه‌ڕده‌بێت ، جگه‌ له‌سوكایه‌تى كردن به‌كورد و كوژرانیان به‌ده‌ستى هێزه‌ میلیشیاكان ، نزیك به‌ 200 هه‌زار خێزانى كوردیش ئاواره‌ى شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و شاره‌كانى دیكه‌ى كوردستانى بوون 

شوان عه‌زیز