ئه‌مشه‌و له‌ كوردستان دوێنێ شه‌ویش له‌ ئه‌مریكا و ئوسترالیا نوێژی ته‌راویح ئه‌نجامدرا

سه‌رۆكی ئه‌مریكا هیوای باشترین بۆ موسڵمانان ده‌خوازێ

یه‌كه‌م نوێژی ته‌راویحی ئه‌مساڵ له‌ ئه‌مریكا و ئوستراڵیا ئه‌نجامدراوئه‌مشه‌ویش نوێژی ته‌راویح له‌ مزگه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كرێت، سه‌رۆكی ئه‌مریكاش له‌ په‌یامێكیدا هیوای باشترینی بۆ موسڵمانان خواست.

یه‌كه‌م نوێژی ته‌راویحی مانگی ره‌مه‌زان له‌ شاری شیكاگۆی ئه‌مریكا له‌ مزگه‌وتی The Mosque Foundation ئه‌نجامدرا كه‌ سێ هه‌زار موسڵمان به‌شداریان تیادا كرد. مزگه‌وته‌كه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین په‌رستگاكانی شیكاگۆ، موسڵمانانی ناوچه‌ی بریچڤیوی كۆكرده‌وه‌.

دوای نوێژی ته‌راویح، ئوسامه‌ جه‌مال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ مزگه‌وتی The Mosque Foundation له‌ شیكاگۆ كه‌ 400 هه‌زار موسڵمانی لێده‌یژیت، رۆژانه‌ سێ بۆ چوار هه‌زار موسڵمان كۆده‌كاته‌وه‌ له‌ نوێژی ته‌راویحدا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م نوێژی ته‌راویحی ئه‌مساڵ موسڵمانانی ئوستراڵیا روویان كرده‌ مزگه‌وته‌كان.

موسڵمانانی ئوستراڵیا به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م نوێژی ته‌راویحی مانگی ره‌مه‌زان كه‌ ئه‌مرۆ ده‌ست پێ ده‌كات، روویان كرده‌ زیاتر له‌و ٢٠٠ مزگه‌وته‌ی له‌و وڵاته‌دا هه‌ن.

به‌پێی دوا ئاماره‌كان موسڵمانان له‌ سه‌دا ٢،٦ دانیشتووانی ئوستراڵیا پێك دێنن كه‌ ژماره‌یان ٦٠٤ هه‌زارو ٢٠٠ كه‌سه‌.

هاوكات دۆناڵد تره‌مپ ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ بۆنه‌ی هاتنی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز په‌یامێكی  پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانانی وڵاته‌كه‌ی و ته‌واوی موسڵمانی جیهان كرد.تره‌مپ له‌ په‌یامه‌كه‌یدا گوتی :له‌م شه‌و به‌دواوه‌ مانگی ره‌مه‌زان له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی جیهان ده‌ستپێده‌كات. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ش سڵاو ده‌نێرم بۆ موسڵمانی ئه‌مریكا و ته‌واوی موسڵمانانی جیهان، هیوای باشترینیان بۆ ده‌خوازم.

له‌هه‌رێمی كوردستانیش سبه‌ی یه‌كه‌م رۆژی مانگی ره‌مه‌زانه‌ و ئه‌مشه‌ویش نوێژی ته‌راویح له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كرێت.

ئاماده‌كردنی: رزگار