شانشینی سعودیه‌: ئاوی زمزم گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌

ئایا هیچ مادده‌یه‌كی دیكه‌ تێكه‌ڵ به‌ئاوه‌كه‌ ده‌كرێت

شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، شانشینی سعودیه‌ دوای له‌به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ پارێزگای له‌ جۆری ئاوی زمزم، چونكه‌ تێبینی كردووه‌ تامی ئه‌و ئاوه‌ سازگاره‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌.

رۆژنامه‌ی عوكازی سعودیه‌ له‌سه‌ر زاری عه‌بدولره‌حمان بن عه‌بدولعه‌یز سدیس، سه‌رۆكی گشتی كاروباوی مزگه‌وتی حه‌رام و مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر رایگه‌یاندووه‌: كه‌ شا سه‌لمان په‌یوه‌ندی پێوه‌ كردووه‌و له‌سه‌لامه‌تی ئه‌و ئاوه‌ سازگاره‌ی پرسیوه‌و داوای دڵنیایی لێ كردووه‌.

هه‌روه‌ها شا سه‌لمان به‌ سدیسی راگه‌یاندووه‌ كه‌ تێبینی كردووه‌ ئاوی زمزم گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و داوای كردووه‌  پارێزگاری له‌ سازگاری ئاوه‌كه‌دا بكه‌ن، پرسیاری ئه‌وه‌شی كردووه‌ ئایا هیچ مادده‌یه‌كی دیكه‌ تێكه‌ڵ به‌ئاوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

عه‌بدولره‌حمان بن عه‌بدولعه‌یز راشیگه‌یاندووه‌، كه‌ پرۆژه‌یه‌كی گه‌شه‌پێدانی گه‌وره‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئاوی زمزم به‌شێوه‌یه‌كی سازگار و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ نرخێكی ره‌مزی بگاته‌ به‌رده‌ستی هه‌موو كه‌سێك، له‌ئارادایه‌، هاوكات كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ رێگا له‌ بازاری ره‌ش بگرن و رێگا نه‌ده‌ن ئاوی زمزم ساخت بكرێت.

ئاماده‌كردنی: رزگار