میدیاكانی عێراقی ستایشی هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌كه‌ن

توانیویان له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بكوژانى (فارس محه‌ممه‌د) بدۆزنه‌وه‌


تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ عێراق، ستایشی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌كه‌ن كه‌ توانیویانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بكوژانى (فارس محه‌ممه‌د) بدۆزنه‌وه‌، هاوكات زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانیش په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان ئاراسته‌ی پارتی كرد، ئه‌نجامی لێكۆلێنه‌وه‌ش ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی ناوبراویش ئه‌م راستیه‌یان نه‌شارده‌وه‌ دانیان به‌ راستیه‌كه‌دانا، شایه‌نی باسه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ پارتی درێژ كرد مایه‌ پوچ بوون.

چالاكوانان و به‌شداربووانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ عێراق، ستایشی ئاسایشی هه‌ولێر و ده‌زگاى ئاسایشی كوردستان ده‌كه‌ن، كه‌ توانیویانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بكوژانى (فارس محه‌ممه‌د) بدۆزنه‌وه‌ و له‌كامێراكانى چاودێرییه‌وه‌، هه‌نگاو به‌هه‌نگاوى بكوژان ئاشكرا بكه‌ن.

یه‌كێك له‌وانه‌ سایتى" البغدادیه‌" شه‌وى رابردوو، تۆمارى ڤیدیۆكه‌ى ئاسایشى هه‌ولێرى داناوه‌ و نووسیویه‌تى، "چۆن به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمسیۆنى هه‌رێمى كوردستان كوژرا؟ كێ به‌رپرسه‌ له‌ كاركه‌وتنى كامێراكانى به‌غدا؟ سه‌یر بكه‌ن، ئاسایشى هه‌ولێر چۆن تاوانبارانى دۆزیوه‌ته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمسیۆنیان تیرۆر كرد.

سایته‌كه‌ فارس محه‌مه‌دى وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمسیۆن ناساندووه‌، كه‌چى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى كۆمسیۆن بوو له‌ هه‌ولێر. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، تا نووسینى ئه‌و راپۆرته‌، ئه‌م ڤیدیۆیه‌ 285 هه‌زار بینه‌رى هه‌بووه‌، 950 جار شێركراوه‌ و شه‌ش هه‌زار لایكى بۆ هاتووه‌ له‌گه‌ڵ  423  كۆمێنت.

زۆرینه‌ى كۆمێنته‌كان له‌ لایه‌ن عێراقییه‌كان نووسراون و له‌ كۆمێنته‌كانیان هه‌وڵیان داوه‌، به‌راوردى نێوان كارى ئاسایشى هه‌ولێر و ده‌زگاكانى ئاسایشى عێراق بكه‌ن، گه‌نجێك به‌ ناوى مسته‌فا له‌ كۆمینتێك نووسیویه‌تى، "ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ به‌غدا بكوژرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌مان پێ ده‌كرێت بڵێین خوا لێى خۆش بێت".

كه‌سێكى تر به‌ناوى ئیكون ئوده‌ى سلێوا كه‌ له‌ ناوه‌كه‌ى ده‌ركه‌وێت كه‌سێكى مه‌سیحی بێت، له‌ كۆمینه‌ته‌كه‌ى نووسیویه‌تى، "له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئاسایش له‌ كوردستان هه‌یه‌، هه‌ر تاوانێك روو بدات به‌ته‌واوى تاوانباره‌كانى ده‌گیرێن. له‌وانه‌ كونسوڵخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا ته‌قێنرایه‌وه‌، چه‌ند سه‌عاتێك دواتر 20 كه‌سى به‌شدار بوو له‌ تاوانه‌كه‌ گیران. كه‌چى له‌ به‌غدا تاوان روو ده‌دات، نه‌ ئه‌نجامى هه‌یه‌ نه‌ لێپرسینه‌وه‌.

هاوكات ئه‌ندازیارێكى كریستییان، نووسیویه‌تى: "له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ ئه‌من و ئاسایش له‌ كوردستان به‌ر قه‌ره‌اره‌، چونكه‌ هه‌ر تاوانێك ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ تاوانباره‌كان ده‌ستگیر ده‌كرێن، كه‌ چى له‌ به‌غدا تاوان ڕوو ده‌دات و نه‌ ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ لێپرسینه‌وه‌ش.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت ، دوانیوه‌ڕۆی سێشەممە 24\4\2018، فارس محه‌ممه‌د سادق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هاوكات كادیری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌ له‌ شه‌قامی 100 مه‌تری شاری هه‌ولێر، بە دەسترێژی گولـلە كوژرا.

زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان ئاراسته‌ی پارتی كرد، ئه‌نجامی لێكۆلێنه‌وه‌ش ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی ناوبراویش ئه‌م راستیه‌یان نه‌شارده‌وه‌ دانیان به‌ راستیه‌كه‌دانا، شایه‌نی باسه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ پارتی درێژ كرد مایه‌ پوچ بوون.