ئێران: هه‌ڵبژاردنى عێراق له‌ كه‌شێكی ئارام و هێمندا به‌ڕێوه‌چوو

ئێران پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی عێراق ده‌كات

میدیای ئێرانیی به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غداد، به‌بۆنه‌ی "سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌، په‌یامی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی عێراق كردووه‌.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فارسی ئێرانیی، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا پێشوازی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌ و ده‌ڵێت" هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی ئارام و هێمندا به‌ڕێوه‌چووه‌و ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامیی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆرستان و به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی گه‌لی عێراق و هه‌نگاونانی بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی". 

باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ په‌یامه‌كه‌ی بۆ عێراق ته‌ئكیدی له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ "چاوه‌ڕوان ده‌بن پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ببێته‌ هۆكارێك بۆ به‌هێزكردنی عێراق و سه‌قامگیریی و ئاشته‌وایی له‌سه‌ر ئاسته‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌". 

دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، هه‌ریه‌ك له‌ قه‌ته‌ر، به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ژاپۆن و میسر پێشوازییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كرد.