ئاڵا تاڵه‌بانى له‌ هه‌ڕێ بوو؛ له‌ مه‌ڕێش بوو

ئاڵا تاڵه‌بانى نه‌یتوانیوه‌ متمانه‌ى ده‌نگده‌رانى عه‌ره‌ب به‌ده‌ستبێنێت


سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت رایگه‌یاند" ئاڵا تاڵه‌بانى، كه‌ له‌ سه‌ر لیستێكى عه‌ره‌بى سوننه‌ له‌ به‌غدا خۆی كاندید كردوه‌، نه‌یتوانیوه‌ متمانه‌ى ده‌نگده‌ران به‌ده‌ست بهێنێت.

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ژماره‌ى ده‌نگى كاندیده‌كانى ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ وتى" به‌ دڵنیاییه‌وه‌ (ئاڵا تاڵه‌بانى)، نه‌یتوانیوه‌ ده‌نگى پێویست له‌ بازنه‌ى به‌غدا كه‌ زۆرینه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى عه‌ره‌بن، بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌ده‌ست بهێنێت".

دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌هۆى هه‌ڵوێسته‌كانى له‌ ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كاندیدی نه‌كرده‌وه‌، ئاڵا تاڵه‌بانى له‌سه‌ر لیستێكى عه‌ره‌ب له‌ به‌غدا، خۆى كاندید كرد.

وه‌ك له‌ لیستى ناوى كاندیداندا ده‌ركه‌وتووه‌، ئاڵا تاڵه‌بانى، په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتى به‌غدا خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق، كاندید كردووه‌.

پێشتر له‌ دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌كانى سه‌ر به‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، ئاڵاى تاڵه‌بانى ڕایگه‌یاندبوو، كه‌ ئه‌وان له‌ بنه‌چه‌دا سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تى (به‌نى ئه‌سه‌د)ن و ئه‌سه‌دین.