كۆریای باكوور سه‌نته‌ری تاقیكارییه‌ ناوكییه‌كانی خۆی له‌ناو ده‌بات

ئه‌و تۆنێلانه‌ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ له‌ناو ده‌بات كه‌ شوێنی تاقیكارییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بوون

به‌گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌ فه‌رمییه‌كانی كۆریای باكوور، پیۆنگ یانگ له‌ رۆژانی 23 تا 25ـی ئه‌م مانگه‌ سه‌نته‌ری تاقیكارییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی له‌ رێگه‌ی له‌كارخستنی ته‌كنیكییه‌وه‌ له‌ناو ده‌بات.

رۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌رپرسانی كۆریای باكوور رایانگه‌یاند ئه‌و تۆنێلانه‌ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ له‌ناو ده‌بات كه‌ شوێنی تاقیكارییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بوون، ده‌واتریش تونێله‌كان به‌ ته‌واویی داده‌پۆشێت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی چاودێریی و هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئه‌تۆمیش ده‌ڕووخێنێت.

هه‌روه‌ها پیۆنگ یانگ بانگهێشتی راگه‌یاندنه‌كانی بیانیی و به‌تایبه‌تیی راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا و كۆریای باكوور ده‌كات كه‌ راسته‌وخۆ رۆماڵی ئه‌م كرداره‌ی وڵاته‌كه‌ی بكه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاراسته‌ گۆڕینه‌ی كۆریای باكووردا سه‌باره‌ت به‌ راوه‌ستاندنی پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پیۆنگ یانگ به‌ خێراترین ماوه‌ واز له‌ چه‌كی ئه‌تۆمیی بهێنێت، ئه‌مریكا یارمه‌تیی ئه‌م وڵاته‌ ده‌دات تا وه‌ك كۆریای باشوور له‌ زۆربه‌ی بواره‌كاندا گه‌شه‌ بكات و ببوژێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی