روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌

له‌باره‌ی كێشه‌ی چه‌ند ئامێریكی ده‌نگدان

له‌باره‌ی كێشه‌ی چه‌ند ئامێریكی ده‌نگدانی ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی ده‌نگدان له‌ سه‌رانسه‌ر عێراق كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق روونكردنه‌وه‌ ده‌دات. 

موعته‌مه‌د موسه‌وی ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌و كێشه‌ و ئاریشانه‌ی كه‌ له‌ كاتی ده‌نگدان روویانداوه‌ زۆر كه‌من و به‌وشێوه‌یه‌ نین كه‌ له‌ میدیاكان و راگه‌یاندنه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ و كۆمسیۆن تیمی چاككردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ سه‌رجه‌م بنكه‌كانی ده‌نگدان و تاوه‌كو له‌ كاتی روودانی هه‌ر حاڵه‌تێك به‌زوویی ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. 

ئه‌م قسانه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین بنكه‌ی ده‌نگدانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كێشه‌ له‌ ئامێره‌كانی ده‌نگدان درووستبووه‌و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی له‌ وێستگه‌ و بنكه‌كان درووست ببێت و پڕۆسه‌كه‌ به‌ خێرایی به‌ڕێوه‌نه‌چێت.

شایه‌نی باسه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق به‌ ئامێری ئه‌لیكترۆنی ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تیشدا رۆژی 10/5/2018 چه‌ندین گرفت هه‌بوون و ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌نگده‌ران نه‌یانتوانی له‌ كاتی خۆیدا ده‌نگ بده‌ن.