تره‌مپ: هۆكاری كشانه‌وه‌مان له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هه‌وڵدانی ئێرانه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ئه‌تۆمی

دۆناڵد تره‌مپ: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا خوازیاری گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی ئیجابیه‌ له‌گه‌ڵ ئێران

ئه‌مڕۆ هه‌ینی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی خۆی له‌ ویلایه‌تی ئیندیانا سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران رایگه‌یاند: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا خوازیاری گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی ئیجابیه‌ له‌گه‌ڵ ئێران.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی كه‌ پێشووتر له‌گه‌ڵ ئێران واژۆ كراوه‌،جگه‌ له‌وه‌ی رێگر نه‌بووه‌ له‌ به‌رده‌م ئێران بۆ گه‌یشتنی به‌ ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ئه‌تۆمی، به‌ڵكو بووه‌ته‌ هۆكاری كێبركێ كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ ئه‌مریكاش قورسترین سزا به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێنیت. 

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مریكا و كۆریای باكوور رایگه‌یاند: بڕیار نییه‌ وه‌كو جۆن كێری وه‌زیری پێشووی ئه‌مریكا بچینه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌ و دانوستان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور. 

ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی باش ئه‌نجام نه‌درێت، ئه‌مریكاش كۆبوونه‌وه‌كان به‌جێده‌هێڵیت، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی قسه‌كانیدا بابه‌تی گواستنه‌وه‌ی باڵێۆزخانه‌ی ئه‌مریكای له‌ ته‌ل ئه‌بیبه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم تاوتوێ كرد.

تره‌مپ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ته‌ل ئه‌بیبه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم ده‌گوازنه‌وه‌.