هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل كۆدەبنەوە

لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران گفتوگۆ دەكەن

بەرپرسێكی ئێرانی رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل كۆدەبنەوەو لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی و ئێران و كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گفتوگۆ دەكەن.

كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەكاتێكدایە سێشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی دا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

بەپێی ئاژانسی میهری ئێران-ی بەرپرسێكی باڵای ئێران كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بێت، رایگەیاندووە، "ئەو دیدارە لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەرپرسی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەمە لە برۆكسل و بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێككەوتن ئەتۆمییەكە بەڕێوەدەچێت".

بەرپرسە باڵاكەی ئێران راشیگەیاندووە، "ئێران لەو كۆبوونەوەیەدا داوای گەرەنتی لە یەكێتی ئەورووپا دەكات، تاكوو رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت".