بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ دژ به‌ ئێران نرخی نه‌وتی به‌رزكرده‌وه‌

نرخی نه‌وتی خاو به‌ڕێژه‌ی سه‌دا سێ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی پێنج كۆ یه‌ك راگه‌یاند، نرخی نه‌وتی خاو له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌ڕێژه‌ی سه‌دا سێ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت كه‌ به‌ربڵاوترینه‌ له‌ جیهاندا له‌ڕووی به‌كارهێنانه‌وه‌، دوێنێ له‌كاتی داخستنی بازاڕه‌كاندا، 74 دۆلار و 85 سه‌نت بوو، ئه‌مڕۆ به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 3،4 به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و گه‌یشته‌ 77 دۆلار و 42 سه‌نت.

نه‌وتی خاوی تێكساسیش دوێنێ له‌ داخستنی بازاڕدا، 69 دۆلار و 6 سه‌نت بوو، ئه‌مڕۆ به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 3،3 به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و گه‌یشته‌ 71 دۆلار و 34 سه‌نت.

هاوكات به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، رێژه‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت و به‌نزین له‌ بازاڕه‌كاندا زیاتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی رۆژانه‌ی نرخی نه‌وتی خاو ده‌بێت.

ئاماده‌كردنی: رزگار