وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: به‌رپرسیاره‌تی كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌مریكا

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: وڵاته‌كه‌ی پابه‌ند به‌ هیچ جۆره‌ گۆڕانكارییه‌ك له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك نابێت، هاوكات هۆشداری ده‌داته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رپرسیاره‌تی كشانه‌وه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وان . 

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا كه به‌ زمانی ئینگلیزی و‌ له‌ یوتیوب بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆم ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك رایده‌گه‌یه‌نێت، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌ش وڵاتی زڵهێز، به‌رهه‌می چه‌ند ساڵ گفتوگۆ و دانوستانه‌ كه‌ له‌ دواجا له‌ ساڵی دووهه‌زار و پازده‌ واژۆی له‌سه‌ر كراوه‌، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئێران بۆ نه‌هێشتنی ترسه‌كانی ئه‌مریكییه‌كان، پابه‌ندی هه‌ندێك به‌ڵین بووه‌. 

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكییه‌كان رازی بوون به‌وه‌ی كه‌ سزا و به‌ربه‌سته‌كانی ئابوورییه‌ سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێران هه‌ڵگرن. 

زه‌ریف له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا هه‌ر جۆره‌ ده‌ستكارییه‌ك له‌ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌ لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و هاوكات جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تاران هه‌رگیز رێگه‌ نادات له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، پرسه‌كانی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی بۆ دیاری بكرێت و هه‌روها ئێران به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك  مل ناده‌نه‌ به‌ر ده‌ستكاری یاخود رێككه‌وتنێكی نوێی دیكه‌ی ئه‌تۆمی. 

زه‌ریف له‌ كۆتاییدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكشێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت به‌رپرسیاره‌تی داهاتووش بگرێته‌ ئه‌ستۆ و وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كاردانه‌وه‌ی شیاوی ده‌بێت و ئه‌مه‌ش‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت.