تره‌مپ بڕیار له‌ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران ده‌دات

ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌


به‌رپرسێكی كۆشكی سپی و سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ گفتوگۆكانی ناو ئیداره‌ی ئه‌مریكا ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ رۆژی 2/5/2018 دۆناڵد تره‌مپ نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بدات و رۆژی 12/5/2018 رایبگه‌یه‌نێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ رۆیته‌رزی گوتووه‌: ته‌نها یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تره‌مپ له‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئێران ره‌زامه‌ندی بدات بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی دابنرێت و له‌به‌رامبه‌ردا سزاكانی له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت.

ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی هاوپه‌یمانێتی نێوان ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسایه‌ كه‌ له‌ دیداری نێوان سه‌رۆكی هه‌ر دوو وڵاتدا ئیمانوێل ماكرۆن زۆری هه‌وڵداوه‌ تره‌مپ قایل بكات له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كۆشكی سپی ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه‌، تره‌مپ نازانێت له‌حاڵه‌تی كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاران هه‌نگاوه‌كانی دواتری چیده‌بێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ په‌یوه‌ست به‌كشانه‌وه‌ یان نه‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌مریكا بۆچونیان وایه‌، "پێده‌چێت تره‌مپ به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر ئێران، كه‌ ئه‌وه‌ش واده‌كات توڕه‌یی ئێرانی به‌دوادا بێت‌و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئه‌و پلانه‌ی تره‌مپ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بینن كه‌ هه‌وڵێكه‌ هه‌م بۆ ڕازیكردنی وڵاتانی هاوپه‌یمانی خۆی وه‌ك(فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا) هه‌م پێكانی ئامانجه‌كه‌شیه‌تی.