نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری پیشه‌سازیی عێراق، جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌

 ئه‌لسوودانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای به‌رز نرخاند

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ محه‌مه‌د شه‌یاح ئه‌لسوودانی وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا  ئه‌لسوودانی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی له‌ كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ده‌ربڕی.

وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای به‌رز نرخاند كه‌ بۆته‌ هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كان، به‌رده‌وامیی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدایشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ماون،  به‌ پێویست زانی.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و به‌شداریی به‌ڕێزیان له‌و كۆنفرانسه‌دا كرد كه‌ بۆ به‌رژوه‌ندی و بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، گرنگیی خۆی هه‌یه‌، سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌شی كرد كه‌ هاوكار بوون بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كان و هیوای خواست گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان، فراوانتر بكرێن.

سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم هیوای ئه‌وه‌شی خواست په‌یوه‌ندی و هاوكاری و هاریكارییه‌كانی نێوان داموده‌زگاكانی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرال فراوانتر بكرێت.