خامنەیی داوا له‌ سعوودیه‌ ده‌كات به‌ ئه‌مریكا هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێت

له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كرێكار له‌ تاران

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند: لە ئێستادا دەیانەوێت لەڕێگەی وڵاتی سعودیەوە هێرش بکەنە سەر ئێران چونکە دەیانەوێت شەڕی موسڵمان بەرامبەر موسڵمان دروستبێت.

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە هاندانی سعودیە هەتا دژی ئێران شەڕ بکات و ڕایگەیاند، ئەم هاندانەی ئەمریکا بۆ ئەوەیە تا شەڕی نێوان دوو وڵاتی موسڵمان دروستبێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30/4/2018 له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كرێكاری ئێرانی له‌ تاران، خه‌منه‌یی گوتوویه‌تی: ئه‌مریكییه‌كان به‌رگه‌ی باجی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران و گه‌له‌كه‌ی ناگرن و ده‌یانه‌وێت ئه‌و شووره‌ییه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی "بێ ئاگا و ناهۆشیار"ـی ناوچه‌كه‌".

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی ئێڕان ڕوونە، لە ئێستادا دەیانەوێت لەڕێگەی وڵاتی سعودیەوە هێرش بکەنە سەر ئێران چونکە دەیانەوێت شەڕی موسڵمان بەرامبەر موسڵمان دروستبێت.

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ رووبه‌ڕووی ئێران ببه‌وه‌ گورزیان به‌رده‌كه‌وێت و شكست ده‌هێنن. داوایشی له‌ سعوودیه‌ كرد به‌ ئه‌مریكا هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێت.

رێبه‌ری ئێران ده‌ڵیت: "دوژمنكاریی ئابووری" یه‌كێكه‌ له‌و رێگا په‌یڕه‌وكراوانه‌ی "دوژمنان" بۆ دژایه‌تیكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یگرنه‌به‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك وڵاتی ناوچه‌كه‌ هانده‌ده‌ن".

خامنه‌یی گوتوویه‌تی: "پێمانوایه‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ژووری ئۆپراسیۆنی جه‌نگه‌ له‌ دژمان، تاكه‌ رێگای به‌ره‌نگاری ئه‌و جه‌نگه‌ ئابوورییه‌ پاڵپشتیكردنی كاڵای ئێرانی و پشت به‌ستنه‌ به‌ توانا و وزه‌ی ناوخۆیی و هیوا هه‌ڵنه‌چنینه‌ له‌سه‌ر وڵاتانی ده‌ره‌وه‌".

رێبه‌ری ئێران پێیوایه‌ گرژی ئه‌منی و ململانێكان په‌یوه‌ندییان به‌ بوونی ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی رۆژئاوای ئاسیا و به‌پێویستی زانیوه‌ "ده‌ستی ئه‌مریكا به‌یه‌كجاریی له‌م ناوچانه‌ ببڕدرێت.