وه‌تسئاپ له‌ چه‌ند وڵاتێك بۆ كه‌سانی ته‌مه‌ن خوار ١٦ ساڵ قه‌ده‌غه‌ كرا

نزیكه‌ی یه‌ك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن به‌كارهێنه‌ری هه‌یه‌

خزمه‌تگوزاری په‌یوه‌ندی و نامه‌ناردنی وه‌تسئاپ بڕیاری دا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ بۆ كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ له‌ وڵاتانی سه‌ربه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

پێشتر به‌كارهێنه‌ران ده‌بوو لانی كه‌م ته‌مه‌نیان ١٣ ساڵ بووایه‌ تا بتوانن خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ به‌كاربهێنن، به‌ڵام بڕیار نوێیه‌كه‌ به‌رزی كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ١٦ ساڵ ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسا نوێیانه‌دا دێت كه‌ بڕیاره‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا مانگی داهاتوو سه‌باره‌ت به‌ تایبه‌تی و پاراستنی داتا ڕایان بگه‌یه‌نێت.

خزمه‌تگوزاری وه‌تسئاپ له‌لایه‌ن فه‌یسبوكه‌وه‌ خاوه‌نداری ده‌كرێت، له‌كاتی به‌كارهێناندا داوای سه‌لماندنی ته‌مه‌ن ده‌كات، به‌ڵام هێشتا دیار نییه‌ كه‌ به‌پێی بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ سه‌لماندنی ته‌مه‌ن چۆن ده‌بێت.

یاساكانی پاراستنی داتای گشتی یه‌كێتی ئه‌وروپا (GDPR) له‌ ٢٥ی مانگی داهاتووه‌وه‌ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ده‌داته‌ به‌كارهێنه‌ران بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ كۆمپانیاكان به‌كاریان ده‌هێنن.

خزمه‌تگوزاری وه‌تسئاپ له‌لایه‌ن فه‌یسبوكه‌وه‌ خاوه‌نداری ده‌كرێت و له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا له‌لایه‌ن برایان ئاكتۆن و ژان كومه‌وه‌ دروستكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا نزیكه‌ی یه‌ك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن به‌كارهێنه‌ری هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌/ تێك ئای  

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی