فراكسیۆنى پارتى: ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕوداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بكرێت

خواستى زۆرینه‌ى لایه‌ن و هێزه‌كانه‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ڕووداوه‌كان بكرێت

فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌راگه‌یاندراوێكدا 
 كه‌بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانى به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ داوا ده‌كات لێژنه‌یه‌كى لێكۆلینه‌وه‌ بكرێت له‌ ڕووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر و ڕۆژانى دواتر ، كه‌بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێكى گه‌وره‌ى خاكى كوردستان له‌ده‌ست بدرێت ، وه‌خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ڕووبه‌رووی تاوانى گه‌وره‌ ببنه‌وه‌ ، فراكسیۆنى پارتى داواش ده‌كات له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى به‌م ئه‌ركه‌ مێژوویه‌ هه‌ڵسن به‌پێكهێنانى لێژنه‌ى ڵێكۆلینه‌وه‌ له‌ڕووداوه‌كان 

ته‌واوى ده‌قى  ڕوونكردنه‌وه‌ى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ئاراسته‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانى كردووه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌یه‌ :

 به‌پێى بڕگه‌ى ( ب)  له‌مادده‌ى چل و حه‌وت  له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان ، ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌له‌كاتى پشووى خوله‌كانى گرێدان لێژنه‌ى ڵێكۆلینه‌وه‌ پێكبهێندرێت .

به‌پشت به‌ستن به‌م ده‌قه‌ و به‌هۆى ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر و ڕۆژانى دواتر به‌سه‌ر كوردستان هات ، كه‌به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكى گه‌وره‌ى خاكى كوردستان له‌ده‌ست دراوه‌ ، خه‌لكى سنوره‌كه‌ش ڕووبه‌رووى تاوانى گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌ ،  له‌سه‌ر ماڵ و مولكى خۆیان ئاواره‌  بوون 
داواتان لێده‌كه‌ین بڕیار بده‌ن به‌پێكهێنانى لێژنه‌یه‌كى لێكۆلینه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ڕووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر و ڕۆژانى دواتر 

ئه‌م داوایه‌ى ئێمه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌پێشتر هه‌وڵمان دا به‌بریارى په‌رله‌مان به‌پێى بڕگه‌ی یه‌ك له‌مادده‌ى چل و حه‌وت له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆ  لێژنه‌ پێكبهێندرێت به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌كرا ، ئێستاش پێكهێنانى لێژنه‌ بۆ ئه‌م ڕووداوانه‌ بوونه‌ته‌ خواستى زۆر له‌هێزو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكى كوردستان ، بۆیه‌ كاتى ئه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى به‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌ مێژوویه‌ هه‌ڵسن