حه‌شدی شه‌عبی وه‌ڵامی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌

له‌ وه‌ڵامی به‌یاننامه‌‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان


له‌ وه‌ڵامی به‌یاننامه‌‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ رایگه‌یاندبوو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان رێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای حزبه‌ كوردییه‌كان نادات، وته‌بێژی باكوری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ باره‌گا حزبییه‌كان موڵكی حكومه‌ت بون و لێیان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

سەعدی پیرە، وتەبێژی فه‌رمیی یەکێتی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ی نیسانی 2018 رایگه‌یاند: بەیاننامەکەی‌ مەکتەبی سیاسیی پەیوەندارە بە خانەقین و قەرەتەپە و سەعدییە و جەلەولا له‌ پارێزگای دیاله‌ و دوزخورماتو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به‌ڵام له‌ كه‌ركوك و موسڵ هیچ كێشه‌مان نییه‌".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا عەلی هاشمی، وتەبێژی باكوری هێزه‌كانی حەشدی شەعبی به‌ سایتی kirkuknowی راگه‌یاندووه‌: تەواوی ئەو بارەگایانەی‌ کە ئێستا حەشدی شەعبی یان سوپای‌ عیراقی تێدا جێگیرکراوە پێش ئەوەی‌ بارەگای‌ حزبە کوردییەکان بن، بارەگا و فەرمانگەی خزمەتگوزاری حکومەتی‌ عیراق بوون به‌ر له‌ روخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003.

هاشمی باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی 16ی یه‌كێتی له‌ قه‌زای دوزخورماتوو كردووه‌ به‌ نموونه‌ بۆ وته‌كانی و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ موڵكی شارەوانییه‌و پێشتر فه‌رمانگه‌ی تیابووه‌، باره‌گای حزبی شیوعیش پێشتر موڵکی خەڵک بووە و ئێستا بۆ خەڵکەکە گەڕێنراوەتەوە.

وتەبێژی باكوری هێزه‌كانی حەشدی شەعبی گوتیشی هه‌ر خانوویه‌ك موڵكی لێپرسراوانی كورد بێت وه‌ریده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشتر ماڵی لێپرسراوانی حزبی بەعس بووبێت ئه‌وا دەبێتە موڵکی دەوڵەت.

پرسیاریشیكرد ئەو بەرپرسانە پێش روخانی‌ بەعس لەکوێ بون؟ ئایا لەهەمان ئەو خانوانە دابون؟ بۆیە ئێستا کە یەکێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان بەیاننامە دەردەکات بەشێکە لە بانگەشەی‌ هەڵبژاردن.

عەلی هاشمی راشیگه‌یاند: حزبەکان پارەیان هەیە دەتوانن زەوی یان خانوو بكڕن، بەڵام نابێت لەناو موڵکی دەوڵەت بن و داگیری بکەن.

رۆژی دوو‌شممه‌ 23ی نیسانی 2018، یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هێشتا ده‌سه‌ڵاتی "عه‌سكه‌ری و ئه‌منی” له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك رێگه‌ناده‌ن باره‌گای حزبه‌ كوردییه‌كان بكرێنه‌وه‌، هۆشداریشیدایه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق له‌ "روداوی زیانبه‌خش” ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ نه‌كرێت.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایه‌نێكى كوردى، پەلاماری شارى کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان داو دەستیان بە سەر ئه‌و ناوچانه‌دا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ندین دوكان و خانووى هاووڵاتیانى كوردیان له‌و ناوچانه‌ سووتاند.