هێرشكرایه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران و حه‌وت كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌

له‌ ناوچه‌ی میرجاوه‌

له‌ ئاكامی شه‌ڕو پێكدادانێك له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران چوار له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و سێ‌ چه‌كدار كوژران.

ئاژانسی هه‌واڵیی ئیسنا له‌ جێگری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هێزی پاسه‌وانی سنووری پارێزگای سێستان -به‌لوچستان، ئه‌بولحه‌سه‌ن زیائی گواستیووه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌ڕو پێكدادانه‌كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌ی میرجاوه‌ له‌ نێوان هێزی پاسه‌وانی سنوور و گرووپێكی چه‌كدار روویداوه‌.

ئه‌بولحه‌سه‌ن زیائی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ له‌ ئاكامی شه‌ڕو پێكدادانه‌كه‌دا، دوو پاسه‌وانی سنوور و دوو ئه‌ندامی به‌سیج كوژراون.

لای خۆیه‌وه‌ فه‌رمانده‌یی سوپای پاسداران رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ ئاكامی شه‌ڕو پێكدادانه‌كه‌دا، سێ‌ چه‌كدار كوژراون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون.