ئه‌و هه‌واڵه‌ی گوایه‌ هه‌ژماری فه‌یسبووكه‌كه‌ت ده‌سڕدرێته‌وه‌ گه‌ر بێت و نامه‌كه‌ نه‌نێری بۆ هاوڕێیانت، دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌

ڤیدیۆكه‌ مۆنتاژكراوه‌ و ده‌ستكاری وێنه‌ی ماڕك كراوه‌ و قسه‌ و وته‌كان هی ئه‌و نین

له‌ناو به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك نامه‌یه‌ك هه‌یه‌ ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت و ده‌نێردرێت كه‌ گوایه‌ ئه‌گه‌ر بێت و بۆهاوڕێكانتی نه‌نێریت ئه‌وا كۆمپانیای فه‌یسبووك هه‌ژماره‌كه‌ت ده‌سڕێته‌وه‌ و دایده‌خات.؟!

ئه‌م هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌ و دروست نیه‌، له‌به‌ر ئه‌و چه‌ند هۆكاره‌ی خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م: سه‌رنج بده‌ن، له‌ په‌یجه‌ فه‌رمییه‌كانی فه‌یسبووكه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ و په‌یجه‌كه‌ په‌یجێكی ئاساییه‌.

دووه‌م: ڤیدیۆكه‌ مۆنتاژكراوه‌ و ده‌ستكاری وێنه‌ی ماڕك كراوه‌ و قسه‌ و وته‌كان هی ئه‌و نین.

سێ یه‌م: گه‌ر سه‌رنج له‌ وته‌كانی ناو ڤیدیۆكه‌ بده‌ن، له‌لایه‌كه‌وه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت نامه‌كه‌ بنێره‌ بۆ هاوڕێیانت تاكوو هه‌ژماری فه‌یسبووكه‌كه‌ت نه‌سڕدرێته‌وه‌،له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌ ڤیدیۆكه‌دا ماڕك ده‌ڵێ ” به‌ته‌مام فه‌یسبووك بسڕمه‌وه‌ و له‌كاری بخه‌م “.. ئاخر كێ له‌ ئێوه‌ قازانجی كۆمپانیاكه‌ی به‌ ملیۆن و ملیار دۆلار بێت ئاماده‌یه‌ دایبخات.!

سه‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، ماڕك له‌ دوایه‌مین وته‌یدا له‌به‌رده‌م كۆنگرێس و لێ پرسینه‌وه‌دا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ فه‌یسبووك بۆ هه‌میشه‌ به‌ خۆڕایی ده‌بێت ، هه‌روه‌ك چۆن له‌ په‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ماڵپه‌ڕیشدا ئاماژه‌ی بۆكراوه‌.

به‌كارهێنه‌ران ده‌بێت زیاتر وشیاربن و خۆتان به‌دوور بگرن له‌ ناردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ نامه‌ و پۆستانه‌،به‌تایبه‌ت تر ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن:

له‌ڕێگه‌ی ئه‌و لینكه‌ بزانه‌ هاككراوی یان نا.

له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ یان لینكه‌ بزانه‌ كێ سه‌ردانی پڕۆفایله‌كه‌تی كردووه‌.

یان ئه‌و نامه‌ بنێره‌ بۆ ١٠ له‌ هاوڕێكانت، یان ئه‌و پۆسته‌ بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژماری فه‌یسبووكه‌كه‌ت پارێزراو بێت و نه‌سڕێته‌وه‌ و هاك نه‌كرێت.

هه‌موو ئه‌وانه‌ و چه‌ندینی دیكه‌ش كه‌ باس له‌ پاراستن و ئاسایشی فه‌یسبووكه‌كه‌ت ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكیان زۆر نزیكه‌ ببنه‌ هۆی ئاشكرابوونی ئیمه‌یڵ و پاسۆردی فه‌یسبووكه‌كه‌ت.

سه‌رچاوه‌/ تێك ئای

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی