ژان ئیۆ لۆدریان: ئه‌گه‌ر پێویست بكات دووباره‌ هێرش ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ر سووریا

پێمانوایه‌‌ ئه‌وان وانه‌یان له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌

ژان ئیۆ لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا رۆژی رابردوو رایگه‌یاند: ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ وڵاته‌كه‌ی و ئه‌مریكا و به‌ریتانیا كردوویانه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی چه‌كه‌ كیمیاوییه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د، به‌شێكی هه‌ره‌زۆری چه‌كه‌ كیمیاوییه‌كانی ئه‌م رژێمه‌ له‌ناوچوون و ئه‌گه‌ریش ئه‌و رژێمه‌ چه‌كی كیمیاویی به‌كار بهێنێته‌وه‌ دووباره‌ هێرش ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ری.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیددا وتی: به‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆمان پێكاوه‌ و له‌ ئێستادا قۆناغی دووه‌م بۆ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له‌ ئارادا نییه‌.

لۆدریان باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ فه‌ڕه‌نسا له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌یه‌ ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ دانووستانه‌كان به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ناوخۆیی سووریا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانه‌كانیی ده‌بێ بزانن كه‌ ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ هێڵی سوور تێپه‌ڕێنن و چه‌كی كیمیاویی به‌كاربهێنن ئه‌وا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ڵام پێمانوایه‌‌ ئه‌وان وانه‌یان له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی