ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕیارنامه‌ی رووسیا له‌سه‌ر ئیدانه‌ی هێرش بۆسه‌ر سووریا ره‌تده‌كاته‌وه‌

8 وڵات ده‌نگی نه‌رێنییاندا به‌ ره‌شنووسی بڕیارنامه‌كه‌ی رووسیا دا

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان شه‌وی رابردوو ره‌شنووسی بڕیارنامه‌یه‌كی رووسیای ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا داوای كردبوو هێرشه‌كه‌ی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا بۆسه‌ر سووریا ئیدانه‌ بكرێت.

ئه‌م دانیشتنه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دوای داواكاریی ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆك كۆماری رووسیا پێكهێنرا به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێی بارودۆخی سووریا دوای هێرشی سێ وڵاتی هاوپه‌یمانی رۆژئاوایی بۆسه‌ر چه‌ندین ئامانج له‌ سووریا.

ره‌شنووسی ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ ئاماده‌كرابوو، دوای كۆبوونه‌وه‌ی پڕ له‌ مشتومڕ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ته‌نیا دوو ده‌نگی ئه‌رێنی له‌لایه‌ن چین و بۆلیڤیا وه‌رگرت و هیچكام له‌ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندام ده‌نگیان پێینه‌دا. 

هه‌روه‌ها له‌ كۆی 15 وڵاتی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی و كاتیی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، 8 وڵات ده‌نگی نه‌رێنییاندا به‌ ره‌شنووسی بڕیارنامه‌كه‌ی رووسیا و چوار ئه‌ندامی دیكه‌ش ده‌نگی بێلایه‌نیان پێیدا.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا رووسیاش شه‌ش جار بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڤیتۆ كردبوو كه‌ له‌سه‌ر ئیدانه‌ كردنی كرده‌وه‌كانی رژێمی سووریا خرابوونه‌ڕوو.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی