وڵاتانی رۆژئاوا بڕیارنامه‌یه‌كی تازه‌یان له‌ دژی رژێمی سووریا خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش

داوا له‌ به‌شار ئه‌سه‌د كراوه‌ تا به‌ته‌واویی هاوكاربێت له‌گه‌ڵ رێكخراوی به‌رگریی

ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا رۆژێك دوای هێرشی هاوبه‌شیان بۆسه‌ر بنكه‌ی چه‌كه‌ كیمیاوییه‌كانی رژێمی سووریا، ره‌شنووسی بڕیارنامه‌یه‌كیان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. پێشتریش رووسیا ره‌شنووسی بڕیارنامه‌یه‌كی بۆ ئیدانه‌ی هێرشی ئه‌م سێ وڵاته‌ دابوو به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ڵام ده‌نگی پێنه‌درا.

ره‌شنووسی بڕیارنامه‌ تازه‌كه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌ سووریا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ میكانیزمێكی سه‌ربه‌خۆ بگیرێته‌به‌ر سه‌باره‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی دووباره‌ی چه‌كی كیمیاویی له‌ شاری دوما.

له‌ ئاراسته‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه‌شدا ده‌بێ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ستیان له‌م هێرشه‌ كیمیاوییه‌دا هه‌بووه‌ ئاشكرا بكرێن.

له‌ ره‌شنووسه‌ نوێیه‌كه‌دا هه‌روه‌ها داوا له‌ به‌شار ئه‌سه‌د كراوه‌ تا به‌ته‌واویی هاوكاربێت له‌گه‌ڵ رێكخراوی به‌رگریی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی چه‌كی كیمیاویی.

سه‌رچاوه‌ / دی ده‌بڵیوو
مه‌سعود / كوردستان تیڤی