ترامپ: هێرش بۆسه‌ر بنكه‌ی چه‌كه‌ كیمیاوییه‌كانی رژێمی سووریا به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ ئه‌نجام گه‌یشت

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ تێر و ته‌سه‌لی به‌ ئه‌نجام گه‌یشت

دۆناڵد ترامپ چه‌ند كاتژمێرێك دوای هێرشی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌ی و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا بۆسه‌ر بنكه‌ی چه‌كه‌ كیمیاوییه‌كانی رژێمی سووریا رایگه‌یاند: ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌ و ئه‌وان ئامانجه‌كانی خۆیان پێكاوه‌.

سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ په‌یامێكی تویته‌ریدا له‌سه‌ر ئه‌كاونتی خۆی نووسیویه‌تیی كه‌ ئۆپه‌راسۆنێكی سه‌ربازیی بێكه‌موكوڕییان به‌ ئه‌نجام گه‌یاندووه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌دا نووسیویه‌تیی: سوپاس بۆ فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا به‌ مه‌به‌ست و ئامانجی دڵخوازی خۆمان گه‌یشتین، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ تێر و ته‌سه‌لی به‌ ئه‌نجام گه‌یشت.

سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ وتی كه‌ بۆ سزادانی به‌شار ئه‌سه‌د فه‌رمانی هێرشی بۆسه‌ر ئه‌م ئامانجانه‌ له‌ سووریا رایگه‌یاندووه‌، چونكه‌ ئه‌سه‌د به‌ چه‌كی كیمیاویی هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر شاری دوما و بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی 40 كه‌س. 

دواتریش ترامپ له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا به‌شار ئه‌سه‌دی به‌ دێوه‌زمه‌ وه‌سفكرد به‌ هۆی ئه‌و كرده‌وانه‌ی له‌ دژی هاوڵاتییانی خۆی ئه‌نجامیان ده‌دات.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی