ته‌كنه‌لۆژیای ناسینه‌وه‌ی ڕووخسار له‌ناو ٦٠هه‌زار كه‌سدا تاوانبارێكی ئاشكرا كرد

دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی ده‌ستگیركراوه‌

له‌ چین، پۆلیسه‌كان له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای ناسینه‌وه‌ی ڕووخسار توانیان تاوانبارێك له‌ هۆڵی كۆنسێرتێكدا كه‌ هه‌زاران كه‌سی تێدابووه‌ ده‌ستگیربكه‌ن.

AO ناسناوی تاوانباره‌كه‌یه‌ پۆلیس به‌دوایه‌وه‌ بووه‌ و داواكراو بووه‌،ئه‌و له‌كاتی بڕینی بلیتی كۆنسێرته‌كه‌، به‌دیكراوه‌ و دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی ده‌ستگیركراوه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌كانه‌وه‌.

كۆنسێرته‌كه‌ هی هونه‌رمه‌ند Jacky Cheung بووه‌  كه‌ ٦٠،٠٠٠ (شه‌ست هه‌زار) كه‌س ئه‌و ڕۆژه‌ ئاماده‌ بووه‌، كامێڕه‌ی چاودێری ئاستبه‌رز دانرابووه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ و تایبه‌تمه‌ندی ناسینه‌وه‌ی ڕووخساری مرۆڤیان تێدا هه‌بووه‌.

دوای چوونی تاوانبار بۆ هۆڵی كۆنسێرته‌كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ و خێزانه‌كه‌یدا به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش، كامێڕا چاودێرییه‌كانی شوێنه‌كه‌ ئه‌ویان به‌دیكردووه‌ و ڕووخساریان ناسیوه‌ته‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ سیستمی ئاگاداركردنه‌وه‌ی كامێراكه‌ په‌یامی ناردووه‌ و پۆلیسه‌كانی لێ ئاگاداركردۆته‌وه‌.

تاوانبار تووشی شۆك بووه‌ به‌ گه‌یشتنی پۆلیسه‌كان و پێزانینی شوێنه‌كه‌ی،له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كدا ده‌ڵێت ” گه‌ر زانیبای وه‌ها كامێڕه‌یه‌ك له‌و شوێنه‌دا بوونی هه‌یه‌، هه‌رگیز پێی نه‌ده‌خسته‌ ئه‌وێ و نه‌ده‌چوو بۆ كۆنسێرته‌كه‌ “.

به‌پێی هه‌واڵێكی BBC،بواری ئاسایشی چین تۆڕێكی گه‌وره‌ی كامێره‌ی چاودێری كردنی دامه‌زراندووه‌ و  نزیكه‌ی ١٧٠ملیۆن كامێڕه‌ی چاودێری تائێستا جێگیركراون و ڕه‌نگه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ زیادبكات و بگاته‌ ٤٠٠ملیۆن له‌ سێ ساڵی داهاتوودا، وه‌ زۆرێك له‌و كامێڕایانه‌ زیره‌كن و سیستمی ناسینه‌وه‌ی ڕووخساریان تێدا هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌/ تێك ئای

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی